چاونیوز: سێ کۆڵبەری خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕ بەهۆی بەفر و کڕێوە لە ناوچەی سنووریی گەڵی بێنار بێ سەروشوێن بوونە.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٤٠٠، سێ کۆڵبەر بەناوەکانی “ئەسعەد سەیدانی فەرد، بازید(بەهلوول) سەیدانی فەرد و بارزان مەهینی” خەڵکی ئاوایی “باوان” سەر بە دەڤەری مەرگەوەڕ بەهۆی تووشی سەقا و بەفر و کڕێوە لە ناوچەی سنووری کوێستانەکانی داڵانپەڕ(گەڵی بێنار) ماویتنەوە و هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەو سێ کەسە لەبەر دەست دانییە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دەڤەری مەرگەوەڕ لەم بارەیەوە بە”چاونیوز”ـی گوت: ئەو سێ کۆڵبەرە لە ڕێگای گەڕانەوە دابوون کە بەهۆی سەختیی ڕێگا و بەفر و کڕێوەی زۆر ڕێگایان لێ هەتڵە بووە و لەو ناوچەیە بێ سەروشوێن بوونە و هەتا ئێستا دوای دوو شەو گەڕان هیچ زانیارییەکامان لێ نین.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: خەڵکی ئاواییەکانی باوان و چەند گوندی دیکە ژی پێکەوە بۆ دۆزینەوەی ئەو سێ کەسە بەرەو کوێستانەکانی سنووری گەڵی بێنار چوونە بەڵام هەتا ئێستا کەس نەدیتراویتەوە.
ئەو سێ کۆڵبەرە خزمی یەکترن، بارزان بە تەمەنی ١٨ ساڵ لە هەمووان بچووکترە و دوو کۆڵبەرەکەی دیکەش خێزاندارن.