برایان هووک، یەکێک له ڕاوێژکاران و بەرپرسی بەرنامەڕێژیی سیاسیی وەزارەتی دەروەی ئامریکا هاوکات لەگەڵ سەردانی حەسەن ڕووحانی لە وڵاتانی ئورووپایی، تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی وەبیر کۆمەڵگهی نێونەتەوەیی هێناوە.
برایان هووک ڕۆژی دووشەممە ١١ی پووشپەڕ بە باسکردن لە خولی نوێ گەمارۆکەکانی ئەمریکا له دژی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند؛ لە ١٣ گەلاوێژەوە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران توندتر دەبن و، لە قوناخێکی دیکەدا هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەتەواوی دهوهستێندرێ
برایان هووک پلاندانهر و بەرپرسی سیاسەتگوزاریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە ئاماژەدان بە سەردانی حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری ئێران لە وڵاتانی ئورووپایی گوتی: پێم سەیرە کە سەرۆککۆماری ئێران بڕیارە سەردانی ڤییەن بکا، لە کاتێکدا ئەمساڵ ٢٩ ساڵ، بەسەر تیرۆری دوکتور قاسملوو، یەکێک لە ڕێبەرانی کورد و سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات بە دەستی تیرۆریستە بەناو دیپلۆماتەکانی کۆماری ئیسلامی لەو وڵاته ڕادهبرێ، تێرۆرێک که ڕێژیمی ئێران کردی و تا ئێستا دانی بەو تاوانە دانەناوە.
برایان هووک لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی تەمەنی خۆیدا، پێشینەیەکی تاڵی لە توندوتیژی و ڕمبازێن لە وڵاتانی ئورووپاییدا هەیە و پێویستە وڵاتانی ئورووپایی بیر لەوە بکەنەوە کە لەگەڵ چ ڕێژیم و دەوڵەتێکدا هەڵسوکەوت دەکەن.
هاوکات لەگەڵ گوشارەکانی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بۆ سەر ڕێژیمی ئیران، حەسەن ڕووحانی لە هەوڵ دایە کە وڵاتانی ئورووپایی ڕازی بکا کە لە بەرجام نەکشێنەوە و پێوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکەی نەپچڕێنن.
سەردانی حەسەن روحانی لە سویس و، دواتر بۆ ئۆتریش لە کاتێک دایە کە ئامریکا بەڕاشکاوی وڵاتانی ئورووپایی ئاگادار کردووتەوە که ئەگەر درێژە بە پێوەندییه ئابوورییهکانیان لەگەڵ ئێران بدەن، گەمارۆکانی ئامریکا کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانەش دەگرێتەوە.