چاونیوز: ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ناڕەزایەتی خوێندکاران دژ بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیم.
لە چەند شاری کوردستان و ئێران خوێندکارانی زانکۆکان دژ بە دانەخستنی زانکۆکان و مەترسیی پەتای کوڕۆنا ناڕەزایەتییان دەربڕی.
بە پێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، دوێنێ شەممە ٣ی ڕەشەمەی ٩٨ی هەتاوی لە شارەکانی ئێران ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دژ بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان بەڕێوەچوو و لە هێندێک شوێن وەکوو تالش دژکردەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی لێکەوتەوە و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ڕێژیم هاتە ئاراوە.
هەر بە پێی ئەو سەرچاوانە خەڵکی ئێران بە گشتی لەوەیکە کۆماری ئیسلامی زانیاری ناڕاست لەسەر پەتای کوشندەی کوڕۆنا بڵاودەکاتەوە و هیچ کەرەستە و ئیمکاناتێکیش بۆ نەخۆشخانەکان دابین ناکا و شوێنە گشتییەکان داناخەن، ناڕازی و تووڕەن.
لەشارەکانی ئیلام، تاران، تالش، ناڕەزایەتی خوێندکاران بووە هۆی ئەوەیکە ڕێژیم ناچارکا زانکۆکان وقوتابخانەکان و سینەماکان لە هەندێک لە شارەکان دابخا .
شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی هێشتاش هاتووچۆی بۆ چین کە ناوەندی بڵاوبوونەوەی کوڕۆنایە، ڕانەگرتووە و بۆبەرژەوەندی خۆی و بۆ ئەوەیکە خەڵک بەشداری لە بەناو هەڵبژاردنەکاندا بکەن چەند ڕۆژدواتر گەیشتنی ئەو نەخۆشیەی بە خەڵکی ئێران ڕاگەیاند و گیانی میلیونان کەسی خستۆتە مەترسییەوە.
بە پێی ئامارەکانی ڕێژیم کە هیچ باوەڕپێکراو نین تا ئێستا ٦کەس لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و ٧٣٦کەس تووشی ئەو پەتایە بوون.
بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان ١٢کەس لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و ئاماری تووشبوانیش لە هەزارکەس تێپەڕیوە.