چاونیوز: دەستەیەک لە کۆڵبەران لە سنوورەکانی “نەوسوود و ملەی تەتە”، کەوتنە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێنج کەسیان بە سەختی بریندار بوون.
بەپێێ ڕاپۆڕتی گەیشتوو بۆ چاونیوز، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی خەرمانان، دەستەیەک کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود سەر بە پارێزگای کرماشان کەوتنە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە ئاکامی تەقە و ڕاوەدوونانی ئەو هێزانەدا چوار کۆڵبەر بە سەختی بریندار بوون و بۆ چارەسەری برینەکانیان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری پاوە شووناسی سێ کەس لەو کۆڵبەرانە ئایەت، هیدایەت و نامدار ڕاگەیندراوە.
هەروەها شەوی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان کۆڵبەرێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی “کاوە عەبدی” خەڵکی گوندی ڕەزاو سەر بە سەوڵاوا لە کاتی کۆڵبەریدا لە ملەی تەتەی هەورامان بەهۆی بەربوونەوە لە هەڵدێرێکەوە بریندار دەبێ.
جێی ئاماژەیە کە ناوبراو بڕوانامەی ئەندازیاری بیناسازی لە زانکۆی ئیلام وەرگرتووە، بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کاوە عەبدی” لەکاتی هەڵهاتن لە دەستی هێزە چەکدارەکان بەربووەتەوە و لاقی شکاوە.
بەپێی ئامارەکان لە شەس مانگی یەکەم ساڵی ٩٩ی هەتاوی زیاتر ١٤٣ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکانی کوردستان کەوتوونەتە بەرتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران و ٣٧ کەسیان گیانیان لە دەستداوە و ١٠٦ کەسیان بریندار بوونە.
شایانی باسە کە بەشێک لە خەڵکی کوردستان لە بەر نەبوونی کار و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان بە ناچار ڕوودەکەنە کاری پڕ لە مەترسی کۆڵبەری و ساڵانە سەدان کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکوژرێن و بریندار دەبن.