لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چەند کەس لە بەڕێوەبەرانی ستۆدیۆکانی وێنەگری لە شاری مەریوان، لەلایەن پۆلیسی فەتای ئەم شارەوە بانگ کراون و وێڕای پڕکردنەوەی بەڵێننامە، هەڕەشەیان لێ کراوە; ئەگە وێنە و ڤیدیۆی کارەکانیان لەسەر پەیجەکانیان لە ئینستاگرام بڵاو بکەنەوە، دووکانەکانیان پلۆمپ دەکەن!
لەم بارەیەوە سەرچاوەیەكی ئاگادار بە “چاونیوز”ی ڕاگەیاند: “ئەو هاونیشتمانیانە لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگی پۆلیس فەتا کراون و لێپرسینەوەیان لێکراوە و زۆر بە بێڕێزییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ کردوون. هەموو ئەمانە تەنیا لەبەر ئەوە بووە کە نموونەی کارەكانیان لە پەیجی خۆیان دانابوو. ئەو چالاكییانەش هەموویان ئاسایی بوون و هیچ سنوورێکی ئەخلاقیی کۆمەڵگەی نەبەزاندووە”.
پۆلیسی فەتای مەریوان پۆستی ئینستاگرامیی زۆرینەی ستۆدیۆکانی وێنەگریی ئەو شارەی سڕیوەتەوە و پەیجەكانیشیان بەتەواوی داخستووە.