چاونیوز: دوو هاونیشتمانی خەڵکی شارەکانی جوانڕۆ و سەوڵاوا بەدانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کران.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی ڕەشەمەی ١٣٩٩، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی “کەڵاش” سەر بە شاری جوانڕۆ بە ناوی “ئولفەت بەهرامی”، تەمەن ٣٤ ساڵ، بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە بە فێڵ و تەڵەکە بانگی فەرمانداری دەکرێ و لەوێ بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” و “تێپەڕاندنی سنوور بە شێوەی نایاسایی”، دەسبەسەر دەکرێ.
لەلایەکی دیکەشەوە، لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی “سڵین” سەر بە سەوڵاوا بە ناوی “سیامەک ئەدوایی” دوای دوو مانگ لێپرسینەوە بەدانانی بارمتە ئازاد کرا.
ناوبراو ڕۆژی سێ شەممە ٢٣ی بەفرانبار وێڕای ئەکرەم ئەدوایی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسداران دەسبەسەر کرابوو.