١١٢ هاونیشتمانی بە تەقەی ڕاستەوخۆ، ئەشکەنجە و لێدان گیانییان لەدەست داوە کە ١٤ کەسیان تەمەنییان ژێر ١٨ ساڵە، کەسێکی تەمەن ٧٠ ساڵە و ٥ کەسیشییان ژنن.
شیمانە دەکرێ ٥٠٠٠ هاونیشتمانی لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرابن کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان “چاونیوز” توانیوەتی هەتا ئێستا ناوی ١٣٠٠ هاونیشتیمانی ئاشکرا بکا کە لەم نێوەدا ١٦٠ کەسیان ژنن، لانیکەم ١١٠ کەس لەو گیراوانە خوار ١٨ ساڵەن کە بەشی زۆریان مناڵانی قوتابخانەن هەروەها لەو ژمارەیە ١٣٠ کەس خوێندکاری زانکۆن، لێنزیک ٤٤ کەسیان مامۆستای قوتابخانەن و ١٨٠ کەسیش چالاکانی مەدەنی، ئەدەبی، زمانی و کلتووری و ڕۆژنامەنووسن.
هەروەها زیاتر لە ٤٠٠٠ هاونیشتمانی دیکەش بریندار بوون کە بەشی هەرەزۆریان لە ترسی دەسبەسەرکرانییان سەردانی نەخۆشخانەکان ناکەن و لە ماڵەکان و لەلایەن خەڵکی ئاسایی دەرمان دەکرێن و ئەو بەشەی کە لە نەخۆشخانەن یان ڕەوشی تەندرووستییان زۆر ناجێگیرە یان لەژێر چاودێری چڕی هێزە سەرکوتکەرەکان دان، هەر لەم پێوەندییەدا چوار هاونیشتمانی بەناوەکانی ڕەزا کازمی ١٦ ساڵانە خەڵکی مووژەژ(موچش)، شۆرش نیکنام و سەردار قادری خەڵکی مەهاباد و ئاوات قادرپوور خەڵکی بۆکان لە ئاکام سەختی برینەکانییان دوای چەند ڕۆژ گیانییان لەدەست داوە و مەترسی ئەوە هەیە بەشێک لە بریندارەکان لە داهاتوودا ژیانییان کۆتایی پێ بێ، هەروەها لە نوێترین کوشتن لە ژێر ئەشکەنەجەدا ڕۆژی سێ شەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، هاونیشتمانییەکی خەڵکی مەهاباد بەناوی سەردار قادری کوڕی سلێمان دوای ئەوەیکە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان دا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار کرابوو، دەسبەسەر دەکرێ و لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە گرتنگەیەکی ورمێ گیانی لەدەست داوە.
دوو هاونیشتمانی مەترسی لە سێدارەدانییان لەسەرە:
“سامان سەیدی(یاسین)” هونەرمەند و گۆرانیبێژی ڕەپ خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران دوای دەسبەسەرکرانی بە تاوانی “محاربە”(شەڕ دەگەڵ خوا) حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپاوە.
“پەرهام پەروەری” ئەندازیاری ساختمان و قارەمانی وەرزشی مەلە خەڵکی سەقز دانیشتووی تاران بە تاوانی بەشداری لە خۆپێشاندانەکانی تاران لەلایەن دادگای شۆڕشەوە حوکمی “محاربە”ـی بۆ دیاری کراوە کە ئەمە لە یاسای ئێران دا واتای ئێعدامە.