لە مێژووی چل و سێ ساڵەی حکومەتی ئیسلامی لە ئێران بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا شاھیدی ئەوە بووین کە ژنان تا ڕادەیەک حزوورێکی سەربەخۆیانەیان لە خەباتی گشتیدا ھەبووە. بەرلەوە لە شۆرشی مەشرووتەوە تا شۆرشی ئیسلامیی ساڵی ١٣٥٧ ژنان لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا حزووری کاریگەریان هەبووە بەڵام تا پێش ھاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە چەشنێک شوێنکەوتەی دروشمە گشتییەکان بوون و تایبەتمەندیی سەربەخۆیانەیان نەبووە. کەچی لە ڕەشەممەی ١٣٥٧ی هەتاویدا لە یەکەمین ٨ی مارسی دوای ھاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا، ژنان بە ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە حیجابی زۆرە ملێ، بزووتنەوەیەکی سەربەخۆیان لە پانتاییەکی جەماوەریدا وەڕێخست.
بە درێژایی ئەو ٤٣ ساڵە ژنانی ئێران لەژێر کاریگەریی سێ ڕەوتدا بە چەشنێک لە تێگەیشتنی ڕەگەزی گەیشتوون؛
ھۆکاری یەکەم، خودی حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی کە دژەژنبوون لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەو حکوومەتەیە، بۆتە ھۆی ئەوەی کە تێگەیشتنی ڕەگەزی لەنێو ژناندا پەرە بستێنێ.
ھۆکاری دووهەم، ئەزموونی خەباتی گشتی و خودی شۆڕشە کە ژنان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی گشتی تێیدا بەشدار بوون. ئەو ئەزموونە بەو دەرەنجامەی گەیاندن کە پێویستە داخوازیگەلێکی تایبەت نەتەنیا لە بەرانبەر حکومەتدا بەڵکوو لە بەرانبەر ڕەوتە سیاسییەکانی دیکەشدا بەرز بکەنەوە و لە چەشنێک لە سەربەخۆییخوازی و گوتارێکی ژنانە بدوێن.
ھۆکاری سێیەم، ڕەوتی بەجیهانیبوونە کە لە ڕێی ڕاگەیاندنەکان، ھاتوچۆ و کۆچی بژاردەی سیاسیی ئەحزابی ئۆپۆزیسیۆنەوە بۆتە ھۆی ئەوەی کە ژنانی کوردستان و ئێران ئاگاداری دوایین دەسکەوت و پێشکەوتنەکانی ژنان لە جیهاندا بن.
کۆی ئەو سێ ھۆکارە ئاستی تێگەیشتنی ژنانی لە کۆمەڵگەدا بە ڕادەیەکی بەرچاو بەرز کردۆتەوە و ئەم بابەتە کاریگەرییەکی بەرینی بەسەر ئاڵوگۆڕەکاندا چ لە سەردەمی چاکسازی و چ لە بزووتنەوەی سەوزدا دانا.
لە سەردەمی ئیسلاحاتدا، لاوان و بەتایبەت ژنان دەورێکی سەرەکییان لە بە دەسەڵات گەیشتنی خاتەمی و پاشەکشەی بناژۆخوازەکاندا ھەبوو. کەچی دواتر دەرکەوت کە بەرەی چاکسازییش وەک ھێزی ڕەشایی کەڵکیان لە ژنان وەرگرتوە. تەنانەت بۆ بەشێکیان باسکردن لە داخوازییەکانی ژنان ھێڵی سوور بوو و حەزیان بە بەرجەستەکردنی دروشم و بۆڵدکردنی مافەکانی ژنان نەدەکرد.
ئەم دۆخە بەشێکی زۆر لە ژنانی تا ڕادەیەک لە ئیسلاحتەڵەبەکان نائومێد کرد، بە چەشنێک کە ئەو کۆمەڵە لە سیاسەتمەدارانیش بە دروشمی «لەپێشدا چاکسازی و پاشان مافی ژنان» مافەکانی ئەوانیان پشتگوێ خست. ئەوەش وای کرد کە لە کۆتاییدا چالاکییەکانی ژنان زیاتر بە لای بزووتنەوەی مەدەنی و نافەرمانیی مەدەنیدا بشکێتەوە. کەمپەینی یەک میلیۆن ئیمزا و بزاڤی دژی بەردەباران (سنگسار)، ئێعدام و مافی منداڵان لەو چالاکییانە بوون کە ژنان دەورێکی بەرچاویان تێیدا ھەبوو. پێکهێنانی ئەو جۆرە چالاکییانە دەرخەری ڕوانگەی کردەیی ژنان بەرەو بەستێنی کۆمەڵگەی مەدەنی و سەربەخۆبوونیان لە پرۆژە سیاسییەکان بووە.
یەکسانیی ژن و پیاو لەگرەوی جیایی دین لە سیاست دایە
بۆ خەمڵاندنی ھۆکارەکانی دژەژنبوونی کۆماری ئیسلامی پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بەدرێژایی مێژوو چ لە ئیران و چ لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا، ئایین بەھۆی پێکهاتە باوکسالارانەکەیەوە ھەمیشە تایبەتمەندییەکی دژەژنی هەبووە و لەسەر بنەمای ھەڵاواردن بەدژی ژنان دامەزراوە.
جیایی دین لە دەوڵەت، واتە یەکسانبوونی مرۆڤ لە بەرانبەر یاسادا و پێویستە دەوڵەتان لە بەرانبەر مرۆڤدا بەگشتی بەبێ لەبەرچاو گرتنی بەسراوەیی ڕەگەزی، نەتەوەیی یا ئایینی ڕەفتارێکی ھاوچەشنیان ھەبێ.
لە ھەلومەرجی ئێستادا پێویستە کە بزووتنەوەی ژنان نەتەنیا بە دروشمی نەمانی ھەڵاواردن بەدژی ژنان، بەڵکوو بە دروشمی نەمانی ھەموو یاساکانی ھەڵاواردن و دژە ژنی یاسای گشتی (وەک نەمانی حیجابی ئیسلامی) و لە بنەڕەتدا گۆڕینی یاسای گشتیی وڵات بێتە مەیدان.
ھەموو بیرۆکە دواکەوتووەکانی ئەو ڕێژیمە لە دژی ژنان لە یاسای حاکمییەتدا ھەیە. دژەژنبوون لە ھەموو کەلێن و کەلەبەری یاساکانی کۆماری ئیسلامیدا بەرچاو دەکەوێ.
یاسای مەدەنیی ڕێژیم ژن وەک بەردەی پیاو پێناسە دەکا
بەگوێرەی مادەی ١٢١٠ تەمەنی بلووغ بۆ کچان ٩ ساڵی مانگی و بۆ کوڕان ١٥ ساڵە. ھەروەھا مادەی ١٠٤١ بە ڕەزامەندیی وەلی (سەرپەرست) ڕێگەی بە شووکردنی کچانی ژێر ١٣ ساڵ داوە.
مادەی ١١١٧ دەڵێ: ئەگەر کار یا پیشەی ژنێک دژایەتیی لەگەڵ بەرژەوەندیی خێزانیدا ھەبوو یا کەرامەتی ژن یا پیاوەکەی پێشێل کرد، پیاو دەتوانێ پێش بە ژنەکەی بگرێ. هەروەها مادەی ١١١٤ ژن ئەرکدار دەکا کە لە ماڵێکدا کە پیاوەکەی بۆی دیاری دەکا بژی.
سەرەڕای ئەوەیکە بەگوێرەی مادەی ١١٣٠ ژمارە ٤ ژن دەتوانێ داوای جیابوونەوە لە مێردەکەی بکا، کە لێی دەدا بەڵام لە کرداردا ھیچ بەدواداچوونێکی یاسایی بۆ ناکرێ. حکومەت بە پاساوی «ڕەچاوکردنی ھێڵە ئیسلامییەکان» بە سانایی چاوی لە بەرانبەر چەند یاسایەکی بەرگری لە ژن داخستوە.
بەگوێرەی مادەی ٨٦٠ جیا لە باوک و باپیر کەس بۆی نییە سەرپەرست بۆ ھەتیو دیاری بکا. (واتە دایک ئەو مافەی نییە). بە گوێرەی مادەی ٩٠٧ی یاسای مەدەنی لە پەیوەندی لەگەڵ میرات و بەشەماڵدا، کوڕ دووھێندەی کچی وەبەر دەکەوێ. بە گوێرەی مادەی ١٠٦٠ ئەگەر ژنێکی ئێرانی بیەوێ لەگەڵ کەسێکی بیانیدا ژیانی هاوبەش پێک بێنێ، تەنانەت ئەگەر بەربەستێکی یاساییش لە ئارادا نەبێ، کەچی پێویستە لە لایەن حکومەتەوە ڕێگەپێدراو بێ و ئیزنی بدرێتی.
بەگوێرەی مادەی ١١٦٩ی یاسای مەدەنی، لە ئەگەری جیابوونەوەی ژن و مێرددا، مافی سەرپەرستیی کوڕی گەورەتر لە ٢ سال و کچی گەورەتر لە ٧ ساڵ بە باوک دەدرێ. هەر بەگوێرەی یاسای حکوومەتی، شایەتیدانی ژنێک لە دادگای یاساییدا بە نیوەی شایەتیدانی پیاوێک دەخەمڵێندرێ.
مادەی ٣٠١ی یاسای سزا، ڕاشکاوانە ڕێگە بە کوشتنی ژن و کچ لە لایەن باوک و باوانەوە دەدا و بەگوێرەی مادەی ٥٥٠ دییە (خوێنایی)ـی ژن نیوەی دییەی پیاوە. بەم پێیە ھەرکات ژنێکی موسوڵمان بەئەنقەست بکوژرێ، ئەگەر بکوژەکە موسوڵمان بێ، پێویستە بنەماڵەی کوژراوەکە بەر لە بەڕێوەچوونی حوکمی ئێعدام (قصاص)ی بکوژ نیوەی دییەیەکی تەواوی پێ بدەن. ھەروەھا ئەگەر ژنێک منداڵێکی کوڕی لە زگدا بێ و بکوژرێ، دییەی منداڵەکە دوو ھێندەی دایکەکەیەتی.
بەگوێرەی یاساکانی ڕێژیمی ئاخوندی، ژنان بۆیان نییە ببن بە سەرۆک کۆمار و دادوەر. یاسای گشتیی وڵاتی ئێتران، سەرۆکایەتیی کۆمار تەنیا بە مافی پیاوانی ئایینی و سیاسی دەزانێ.
ئەمانە چەند نموونەیەک لە یاسای مەدەنیی ئێران بوون کە پێمان دەڵێن هەتا بناغەی یاساکان پشت بە دەقە ئایینییەکان ببەستن، گۆڕانکارییەک لە دۆخی یاسایی ژنان و لە بەرژەوەندیی ئەوان و بزاوتی یەکسانیخوازیدا پێک نایە. ھەر بۆیەش ژنان نابێ بێدەنگ بن و کۆڵ بدەن و خەباتی ژنان تا دەستەبەربوونی ئازادی و دێموکراسی دەبێ ھەر درێژەی هەبێ.
دژەژنبوون دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا ژن وەبەر ھەڵاواردن و نەفرەت دەکەوێ و متمانەی پێ ناکرێ. ھەر ئەوەشە کە مافی دادوەریی لە دادگاکاندا لە ژنان ئەستاندۆتەوە. لە ڕوانگەی مافناسان و کارناسانی دژبەر، یاساکانی کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە توندئاژۆترین یاساکان لە ھەمبەر ژنان لە ئاستی جیهانیدا دادەنرێ.