۱۶ی گەلاوێژی ساڵی ۱۴۰۱ ھەتاوی
آموزش وردپرس

بەیاننامەی هاوبەشی پێنج ڕێکخراوی مافی مرۆڤی بۆ ڕیز گرتن لە “ڕۆژی جیهانی زمانیی دایک”

چاونیوز: پێنج ڕێکخراوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهاوبەشی بەیاننامەیەکیان لە هەمبەر “ڕۆژی جیهانی زمانیی دایک” بڵاو کردەوە کە ئەمەی ژێرەوەی دەقەکەیتی:

زمانیی دایک مێژوو و شوناسی نەتەوەییمانە

زمانی دایکی تەنیا زمانێکە کە مرۆڤەکان شوناسی کۆمەڵایەتی و دەرون ناسیی خۆیانی لێ وەردەگرن، ئەو زمانە زمانێکە کە ئەوان بە نیشتمان و نەتەوە گرێ دەداتەوە. ئەگەرچی جۆراوجۆری زمانی ڕەوشێکی سرووشتییە بەڵام باسی هەرە گرینگ لێرەدا ئەوەیە کە، بەپێی پەسندکراوەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێ ڕێز لە مافی بەفەرمی بوونی زمانی دایک بگرین چوونکە مناڵەکان بۆ فێربوون و پەروەردە باشتر دەتوانن پێوەندی دەگەڵ زمانی دایکەوە بگرن و ئەو زانیارییانەش هەتا کۆتایی تەمەنیان دەگەڵیان دەمێنێتەوە.

لە کۆنڤانسیۆن و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا لە زۆر شوێن باسی ئەو مافە ڕەوایە کراوە، بۆ وێنە لە جاڕنامەی جیهانی زمانی دایک”یونسکۆ”دا هاتووە:
۱ــ سەرجەم قوتابیانی قوتابخانەکانی دەبێ خوێندنی فەرمی خۆیان بە زمانی دایکی بی.
۲ــ سەرجەم وڵاتان ئەرکدار دەکرێن کە بۆ بەرهەم هێنان و پەروەردە بە زمانی دایکی هەمووجۆرە کەرەستەیەک دابین بکەن.
۳ــ بۆ خوێندن بە زمانی دایکی دەبێ بە ڕادەی پێویست ماموستا پەروەردە بکرێن، چوونکە خوێندن بە زمانی دایکی هێمای دادپەروەری کۆمەڵایەتییە.

قەدەخە کردنی زمانی نەتەوەکان و سووکایەتی پێکردن و پێناسەیان بە “زاراوەی گەڕەک” و داسەپاندنی زمانێکی دیکە بەسەر نەتەوەی کورد و باقی گەلانی نیشتەجێی ئێران لە کاتێکدایە کە بەشی زۆری ئاخێوەرانی ئەو جوگرافیایەی بە ئێران دەێتەناسین مافی زمانیان لێ ستەندراوە و ناچار کراون بە زمانێکی تر بخوێنن.
دەستەڵاتدارەکانی یەک سەدەی ڕابردوو بە پاساوی پاراستنی ئەمنییەتی نەتەوەیی و یەک دەست کردنی گەلان لە سیستەمی دەوڵەت نەتەوە، بەردەوام هەوڵی بنەبڕ کردن، خۆسەپاندن و بێبەش کردن لە پەرەسەندنی زمانەکان و کولتوری گەلانییان داوە و بەردەوام زمانی فارسی وەک تاکە زمانی فەرمی پەروەردە ئیزنی بەکارهێنانی پێدراوە و زمانگەلی تر قەدەغە کراون و تەنانەت ئەو چالاکانەی هەوڵی فێرکردنی زمانی دایک دەدەن دەگیرێن و بەند دەکرێن کە دەتوانین ئاماژە بە ماموستایانی زمانی کوردی “زارا محەممەدی، موژگان کاڤوسی، کەیوان مینوویی” و … بکەین.

دامەزراوەکانی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای رێزگرتن لە رۆژی جیهانی زمانی دایکی، خوازیاری جێبەجێ کردنی بڕگە یاساییەکانی زمانین بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجێکی لەبار و یەکسانی پەروەردە بە زمانی دایک کە دەبێ وەک دەرفەتێک سەیر بکرێ نەک مەترسی، هاوکات پەروەردەی منداڵانی کورد بە زمانی دووهەم وەک درێژەی سیاسەتی تواندنەوە و لەناوبردنی کلتوور و ناسنامەی گەلی کورد دەزانن کە لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوەدەچێت.

ئێمە ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوا لە سەرجەم کۆڕ و کۆمەڵە زمانی، کلتووری و مافی مرۆڤییەکانی ناوچەکە و جیهان دەکەین بە هانای دەسبەسەرکراوانی ماموستای زمانی دایکییەوە بێن و لانیکەمی پشتیوانیان بۆ ناساندنی ئەو ماموستایانە وەک کەسایەتی جێی ڕێز بکەن و ببن بە شایەنی خەڵاتە جیهانییەکان کە لە هەمبەر بەرگری لە زمان و پەروەردەی مناڵان بە زمانی دایکیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و ئیتلاعاتییەکان گیراون و بێ ڕێزیان پێکراوە.
هەروەها وێڕای مەحکووم کردنی هەوڵی سیستماتیکی ڕێژیم بۆ سەرکوتی زمانی، داوا لە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین، هەوڵی چڕتر بدەن بۆ بەدی هێنانی ئەم مافە سەرەکی و سروشتییەی خۆیان و ڕێز لەو ماموستایانە بگرن کە هانی مناڵان دەدەن بۆ فێر بوونی بە زمانی کوردی.

بە سپاسەوە
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هەنگاو”
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی “هانا”
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان”چاونیوز”
ڕێکخراوی جیهانی کورد
٢ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ی هەتاوی بەرمابەر دەگەڵ ٢١ی فێبرییەی ٢٠٢٢ی زایینی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .