۲۶ی گوڵانی ساڵی ۱۴۰۱ ھەتاوی
آموزش وردپرس

ڕێکخراوه‌کانی کۆمەڵگەی مه‌ده‌نی/ شاروخ حەسەن زادە

پرۆسەی گۆڕان لە کۆمەڵگەیەکی داخراو بۆ کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی کراوەی پێشکەوتووخواز به‌ هه‌موو پێوه‌ر و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی، لە چەندین بواردا پێویستیی بە گۆڕانکاری و ھەوڵی جددی ھەیە که‌ ئێمه‌ ده‌توانین ئاماژه‌ به‌و چه‌ند خاڵە‌ بکه‌ین:

١ هه‌بوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی: بۆ ئەم مەبەستە دەبێ چەندین ڕێکخراوی جۆراوجۆر لە کاری بەردەوام و جدیدا بن بۆ دەست‌پێکردن بە پرۆسەی گۆڕانی کۆمەڵگە و کاری ئەم ڕێکخراوانەش بریتی دەبێ لە وشیارکردنەوەی ھاووڵاتییان لەسەر ئەو بابەتانەی کە پێویستیی بە گۆڕان ھەیە، وەک گۆڕان لە بەشە کۆن و چەقبەستووەکانی داب و نەریتی کۆمەڵگە. هه‌روه‌ها دەبێ ئەم ڕێکخراوانە کارێک بکەن کە لە ڕووی ھزرییەوە هەتا ڕادەیەک نەوەکانی پێشوو ئامادە بکەن بۆ گۆڕینێکی مەبەستدار بۆ ئەوەی کاتی دەست‌پێکردن بە پڕۆسەی گۆڕان گرفتی چاوەڕواننەکراو نەیەتە بەردەم پرۆسەکە.

٢ بواری سیستەمی سیاسی: لە بواری سیستەمی سیاسیدا دەبێ وڵات لە سیستەمێکی دیکتاتۆریی بەرژەوەندیخوازەوە بگۆڕدرێ بۆ دەسەڵاتێکی دێموکراتی ھەڵبژێردراو کە بەرژەوەندیی وڵات لە سەرووی ھەموو جۆرە بەرژەوەندییەک دابنێ و گۆڕان لە ڕادەست‌کردنی دەسەڵاتەکان بە شێوەیەکی دێموکراتیکی بێت بەدور لە ھەر کارێکی پڕ له‌ توندوتیژی.

٣ جێگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی: بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی کاری سیستەمی سیاسی و سەربازی لە سەرکوتکردن و پەراوێزخستنی دەنگە ئازادیخوازەکان دەگۆڕدرێ بۆ دابینکردنی ئازادی و دادپەروەری و سەربەخۆیی دادگاکان و پاراستنی وڵات لە دەستدرێژیی دەرەکی. واتە ھێزی سەربازی تەنیا بۆ بەرگری و بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژیی دەرەکی بەکار دێ، نەک لە دژی ھاووڵاتییانی نێوخۆ و، ھێز لەژێر دەستی یاسادایە و ملکەچیی بۆ ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە.

٤ بواری ئابووری و پیشەسازی: دەبێ سیستەمی سیاسی گەشە بە ئابووریی وڵات و گرنگی بە بازرگانی نێوخۆ و ھەوڵی دروست‌کردنی بازرگانیی دەرەکی بدا و تەنیا بازرگانیی نێوخۆیی بوونی نەبێت. ھەروەھا دەبێ لایەنی پیشەسازی بەرەو پێشەوە بەرێ و گرینگیی تەواوی پێ بدا و ھەروەھا دابین‌کردنی بازاڕی ئازاد بەشێوەیەک کە چاودێری تەواو بکرێ لەسەر ئەم بازاڕە.

٥گۆڕان لە ڕۆڵی ئاییندا: ئایین وەک ئەوەی سەرچاوەی سەرەکیی دانانی یاسا و ڕێساکان و نەخشەی سیاسیی وڵات بێت و ئەو بەرژەوەندییەکانی وڵات دیاری بکا؛ دەگۆڕێ بۆ سیستەمێکی خواپەرستی و دوور دەکەوێتەوە لە گەمەی سیاسەت و سیاسەتمەداران. کەواتە لە کۆمەڵگەی مەدەنیدا ئایین ڕۆڵێکی ئەوتۆی نییە ئەگەر بەراورد بکرێ بە کۆمەڵگەیەکی داخراو.

٦گۆڕان لە بیرکردنەوە و ئەرکی تاکەکانی کۆمەڵگە: تاک لە تاکێکی کۆنەپەرستی نه‌ریتی باوەڕدار بە ئەفسانە و بیرە کۆنەکانەوە دەگۆڕێ بۆ کەسی نوێخوازی لێهاتووی ئەوتۆ کە بتوانێ لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمەکەی خۆی بگونجی. بۆ ئەوەی تووشی دابڕان نەبێ لە ڕەوڕەوەی سەردەمەکەی و تاک لە کەسێکی پشتبەستوو بە قەزا و قەدەرەوە دەگۆڕێ بۆ کەسێک کە پلانی ھەبێ بۆ داھاتووی خۆی و ئەرک و مافەکانی خۆیشی دەزانێت.

٧گۆڕان لە سیستەمی کۆمەڵایەتیدا: لە کۆمەڵگەی داخراودا ھەستی ناوچەگەرێتی و خزمایەتی زۆر بەھێزترە لە ھەستی نەتەوەیی و نیشتمانی. بۆیە دەبێ ئەم ھەستە بگۆڕدرێ بۆ دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و مرۆڤایەتی و، دەبێ کار بکرێ بۆ کەمکردنەوە یان نەھێشتنی دەمارگرژیی ئایینی، چینایەتی، کۆمەڵایەتی و سیاسی(١).

 

ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مه‌ده‌نی (ڕێکام):

مرۆڤ بوونەوەرەکی کۆمەڵایەتییە و بەشی هەرەزۆری ژیانی مرۆڤ بۆ پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تەرخان دەکرێ، لە کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتیدا بەشی هەرەزۆری خەڵک سەر بە ڕێکخراوێک، ڕەوتێک یان بیرۆکەیەکی دیاریکراون.

له‌ پێناسه‌ی ڕێکخراوه‌کانی کۆمەڵگەی مەدەنی (ڕێکام) ده‌گوترێ که‌ ئه‌م دامه‌زراوانه‌ ڕاستەوخۆ بەشێک نین لە چوارچێوەی سیستمی دەوڵەت بەڵام ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە لەنێوان کۆمەڵگە و دەستەڵاتداران. وەک چۆن “هێگڵ” دەڵێ پردی پێوەندیی نێوان بنەماڵە و کۆمەڵگەی سیاسی، کۆمەڵگەی مەدەنییە، لێرەشدا پردی نێوان کۆمەڵگە و دەوڵەت ڕێکخراوە مەدەنیه‌کانن.

بناخەی سەرەکیی چالاکی و کارکردن لە ڕێکخراوەکاندا ئەوەیە کە دەبێ سەربەخۆ بن و سەر بە دەوڵەتەکان نەبن، چوونکە ئەگەر سەر بە حکوماتەکان بن ئەوە ئیتر ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی سەربەخۆ نین و ده‌بنه‌ (GONGO) ڕێکخراوگه‌لی دەوڵەتی، لە بەرامبەر NGO یا “governmental Organization Non” کە لە ئه‌ده‌بیاتی ئێران پێی دەگوترێ “سمن” یا “سازمانهای مردم نهاد”. لە کوردیدا وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (ڕێکام) یا ڕێکخراوی ناحکومی باسی ده‌کرێ.

پشتیوانی و هاوکاریی حکومات لەو ڕێکخراوانە ئەرکێکی ئەخلاقییە، بەڵام دەبێ ڕێکخراوەکان زۆر وشیار بن لە چۆنیەتیی هەڵسوکەوتیان دەگەڵ لایەنی په‌یوه‌ندیداری حکومه‌تی، مەبادا بکەونە ژێر چەتری دەوڵەت و سەربەخۆیی خۆیان لە دەست بدەن؛ چونکە بەمجۆرە نابنە ڕێکخراوێکی سەربەخۆی مەدەنی و سڤیل. هەڵبەت لەنێو وڵاتان بەتایبەتی لە وڵاتانی دیکتاتۆردا کە ڕێکخراوی جۆربەجۆر بەڕواڵەت سەربەخۆ دروست دەکەن و لە ژێرەوە خەت و بەرنامەیان دەدەنێ یا دەنا ڕێکخراو بە دانی ئیمتیازی جۆراوجۆر دەکرێنەوە! کە ئەمانە ناکەونە خانەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی سەربەخۆ. هه‌ربۆیه‌ هەموو ئەو ئاریشە و گرفتانەی بەردەم کۆمەڵگە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی (ڕێکام) ڕۆژبەڕۆژ پەرەیان پێ بدرێ و گەشەی بەربڵاوی چالاکییەکانیان زیاتر هەست پێ بکردرێ یان پڕبایەختر بن.

بۆچوونی د. ئازاد گه‌لێک سەرنجڕاکێش و وردە‌. ئه‌و پێی وایه‌، ھەریەک لە کۆمەڵ و ڕێکخراوە خۆبەخشە ئازادەکان واتا ئەوانەی لە لایەن سیستەمی سیاسی ھەر دەسەڵاتێکەوە ھان نادرێن تا دەست بخەنە نێو کاروباری ھاووڵاتیانەوە و ھەوڵی پێشخستنی سەرجەم بوارەکانی ژیانی خەڵک و کۆمەڵگەکەیان دەدەن. بەمەبەستی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتووی ھاوچەرخ، کە ڕێز لە سەرجەم تاکەکان و توێژەکانی کۆمەڵ بگرێ، ئەرکەکانیان بۆ دیاری بکا و مافەکانیان بپارێزێ. بە واتایەکی‌تر سەرجەم ئەو کۆمەڵه‌ ھەرەوەزی، پیشەیی، سیاسی، ڕێکخراوەیی، زانستی، وێژەیی، یانە وەرزشی و کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیریانەی لەھەر یەکێک لە کۆمەڵگەکاندا بوونی ھەیە و ئاگادار و شارەزای ئەرک و ماف و توانا و کار و ئامانجەکانیانن. ھەروەھا لە شوێن خۆیانەوە ھەوڵی چەسپاندنی یاسا و بەدیهێنانی ئامانجەکانیان دەدەن. ئەو بۆشاییەش پڕ دەکەنەوە کە لەنێوان خێزان و دەوڵەتدا دروست بووە، بەڵام ئەمانە جیاوازتر لە ئەندامەکانی ھەر خێزانێک، کە وابەستەی داب و نەریت و کولتوور و ڕێسای خۆیانن و ڕابردوویانن، یان سیستەمی سیاسیی دەوڵەت یان وابەستەی کۆمەڵێک بەرنامە و یاسای تایبەت بە خۆیەتی و خۆی لێ لانادات، کار و ھەوڵەکانیان دەخەنە گەڕ بەڕادەیەک لە پێناو بەرژه‌وه‌ندیی ھەموو توێژەکانی کۆمەڵدا، ئامادەن زۆر سنوور ببەزێنن و تازەگەری بهێننە ئاراوە. بەمەش کۆمەڵگەیەک دادەمەزرێ کە ئازادی و بەختەوەری و ڕێزگرتن لە یەکتری و دابینکردنی ماف بۆ ھەمووانی تێدا بەرجەستە دەبێ.

ئەم کۆمەڵگەیە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی دامەزراوە، کە دەکرێ لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێ بکەین:

١- ئیرادەی تاکەکانی کۆمەڵگە: مەبەست لەو ئیرادەیەیە کە ھەر یەک لە تاکەکانی کۆمەڵگە لە بەرەوپێشچوونی ڕەوتی کۆمەڵگەکە بڕیاری لەسەر ئەدەن و کاری بۆ ئەکەن. ئەم ئیرادەیە لای ھەر تاکێکی کۆمەڵگە جیاوازە لە خزمایەتی و کەسایەتی و ھۆزایەتی لە لایەک و ڕەگەزنامەی خۆیی لە لایەکی تر، چونکە ھەر تاکێک لە کۆمەڵگە بە ھۆی لەدایک‌بوونی لە خێزانێکدا بۆتە ئەندامی ئەو خێزانە و بنەماڵە و ھۆزەکەی. لە کاتێکیشدا بووەتە ئەو ئەندامە کە نە پرسی پێ کراوە و نە توانای بووە خۆی لێ لابدا. ھەروەھا وەک خەڵکی ناوچە یان وڵاتێک ئەندامیەتی بەسەردا بڕاوە بە ویستی خۆی نەبووە، بەڵکو بەپێی لەدایکبوون و پەروەردەبوون و گەورەبوونی لەو وڵاتەدا ئەو ڕەگەزنامەیەی پێدراوە و وەک خەڵکی ئەو ناوچەیە یان ئەو ھەرێمە ناسراوە یان ئەو وڵاتە ناسراوە. بۆ نمونە لەوانەیە زۆربەمان بە ویستی خۆمان نەبووبین بە ئێرانی و حەزمان پێ نەکردبێ، بەڵام بارودۆخی پەروەردەبوون و ژیانی ئێمە لە ئێران ئەو بڕیارەی بەسەر دابین. لە کاتێکدا خۆمان کورد بووین، بەڵام وەک ئێرانی ناسراوین.

٢- ڕێکخستن و کاری ھاوبەش: مەبەست لە کاری ڕێکخستنی ڕێکوپێک و شیاوی ھەر کۆمەڵە و یانە و ڕێکخراو و پارتێکە، کە لەلایەن ئەندامەکانیەوە بە گیانی لێپرسینەوە و دڵسۆزی بۆ بەھێزبوون و گەشەکردنی ڕێکخراوەکەیان ھاوکاری و یارمەتیی یەکتر بدەن. دوای ئەوەش گیانی ھاوکاری لەگەڵ ڕێکخراو و کۆمەڵ و یانە و پارتەکانی تردا دەگۆڕنەوە و بە ھەموویان بە گیانێکی ھاوبەش خەبات دەکەن، کە بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنییە، چونکە ھەر یەکێک لە ئەندامانی ھەر ڕێکخراوێک بە ویستی خۆیان بوونە ئەندام و بڕیاری ئەوەیان داوە ھەموو تواناکانیان بۆ گەشەکردن و خزمەتی ڕێکخراوەکەیان بخەنە کار. بۆیە چاوەڕوانی گەشە و پێشکەوتنی لەو جۆرەیان لێ دەکرێ. ھەروەھا لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا چەندە ڕێکخراو و یانە و پارت و کۆمەڵەکان زیاتر و چوست و چالاک بن ئەوەندە کۆمەڵگەی مەدەنی بەھێز و کاریگەرە.

٣ یه‌کتر قبوڵکردنی ھەموو ئەندامانی کۆمەڵگە: مەبەست لەوەیە کە ھیچ کۆمەڵگەیەک نابیتە مەدەنی ھەتا ئەوەی ڕێکخراوی بەرانبەری قبوڵ نەکات و ھاوکاری نەکا و ڕێزی لێ نەگرێ. دیارە ئەگەر ھەموو ئەندامانی ھەر ڕێکخراوە و کۆمەڵێک یەکتریان قبوڵ کرد و ھاوکاریی یەکتریان کرد؛ پاشان کاری ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە بۆ یارمەتیدان و ھاوکاریکردن و پێشکەوتنی ڕێکخراوەکانی تر بوو، ئەوا بناغەی بەدیهاتنی کۆمەڵی مەدەنی بەھێز و پتەو و ئایندەیەکی گەش و درێژخایەنی دەبێ. بەکورتی کۆمەڵی مەدەنی لە ئەنجامی چەندین کادری کارای جۆراوجۆر لە توانا و بەرنامە و بیرکردنەوەی ھاوچەرخ و ڕەگەزی جیاواز دادەمەزریت. ئەوەش دوای ئەوەی ھەستی خێزان و تایەفەگەری و ھۆزایەتی و ناوچەیی و ئایینی بۆ ھەستی خزمەتکردن و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی فرەیی ئەگۆڕێت. باشتریشە ھەوڵەکانی ئەندامانی ئەو کۆمەڵە ڕێکخراوانە بە قەناعەت و باوەڕی خۆیان بێت. نەوەک لە بەرانبەر ماددە و خزمایەتی و تێرکردنی ئارەزووەکانی خودی و ئەندامەکان بێت یان لاسایی و چاولێکەری کۆمەڵگەکانی دەوروبەر و جیهان بێت”(٢).

***

 

سەرچاوەکان:

١- ئازاد ئەنوەر، د. کەیوان، کورد و کۆمەڵی مەدەنی، چاپی دووەم سلێمانی خانەی چاپ و بڵاو کردنەوەی چوارچرا  ٢٠٠٤.

٢- هەمان سەرچاوەی پێشوو

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .