۲۶ی گوڵانی ساڵی ۱۴۰۱ ھەتاوی
آموزش وردپرس

مافی مرۆڤ، دادگای تاوان و جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی/ڕەحمان سەلیمی

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بە هەموو شێوەکان هەوڵی داوە بۆ پاراستنی ئه‌و نیزامه‌ سیاسییه‌ی کە لە ڕۆژی هاتنه‌سه‌ر كارییه‌وه‌ بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە لە هەموو ڕێگایەک کەلک وەرگرێ و له‌و پێناوه‌دا تاوانی زۆر جۆراوجۆڕی ئه‌نجام داوه‌. هەموومان ئه‌وه‌ دەزانین، بەڵام کێشە سەرەکییەکە ڕەنگە ئەوە بێ لە لاپەرەکانی مێژووی ٤٣ ساڵەی ئه‌و ڕێژیمه‌دا تۆزێکی زۆریان لەسەر نیشتووە و پێویستییان به‌ تۆزتەکاندنێکی باش هه‌یه‌. ئەو دادگایانە کە له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌ چوون، هەوڵێکی باشن بۆ هەڵدانەوەی بەشێک لەو تاوانانه‌.

پێویسته‌ نوکتەیەک ڕوون بکەمەوە، کاتێک کە باسی تاوان دەکەین و ئه‌و تاوانانه‌ی کۆماری ئیسلامی کە لێرە مەبەستمانە، تاوانی گەورەیە واتە تاوانی نێودەوڵەتییە. تاوانی نێودەوڵەتی بەو مانایە تاوانێکە لە ئەساسنامەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی باس کراوە. سێ تاوان بە تاوانی نێودەوڵەتی داده‌ندرێن، كه‌ بریتین له‌ ژینۆساید، تاوانی دژە مرۆیی، تاوانی جەنگ. لەڕاستیدا باسەکەی ئێمە لەسەر ئەو سێ تاوانه‌یە کە گرینگێکی نێودەوڵەتییان هەیە و ویژدانی مرۆڤایەتی ئازار دەدەن. سیستەمی قەزایی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئێستادا، بە حه‌ساسییەتەوە چاو لەو مه‌سه‌له‌یه‌ دەکا و کۆمەڵێک ڕێکار و میکانزمی نوێی داناوە بۆ ئەوەی کە پێش بگرێ لە هەڵاتنی ئەو تاوانبارانه‌ و سزادانیان.

باوترین و به‌ربڵاوترین ڕێگا بۆ بە دواداچوونی تاوان و سزادانی تاوانباران، ئەو دادگایانەیە کە لە وڵاتەکان‌دان. لە قۆناغی یەکەمدا سەڵاحییەتی دادگا و سەڵاحییەتی ئەو وڵاتانەیە کە تاوانەکه‌یان تێدا ئەنجام دەدرێ ئه‌و ئه‌ركه‌ وه‌ئه‌ستۆ بگرن. بەڵام ئاشكرایه‌ لە چوارچێوه‌ی کۆماری ئیسلامیدا هیچ ئومێدێک بەوە نییە كه‌ بتواندرێ لە نێوخۆی ئێراندا تاوانباران بەدواداچوونی قەزاییان بۆ بکرێ.

بۆیە سیسته‌می دادخوازیی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ره‌و ئه‌وه‌ ڕۆیشتووه‌ كه‌ چۆن دەكرێ ئەو تاوانبارانە بخرێنە بەردەم دادگایەکی بێلایه‌ن كه‌ هه‌م سه‌ڵاحییه‌تی مه‌حكووم‌كردنی تاوانبارانی هه‌بێ، و هەم بە جۆرێک گوشار بێنێ بۆ ڕای گشتی و هه‌روه‌ها بۆ نیزامە سیاسییەکان لە داهاتوودا خۆ ببوێرن یا خۆبپارێزن لە ئەنجام‌دانی ئەو تاوانانە.

لێره‌دا پرسیار جه‌وهه‌رییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ میكانیزم یان میكانیزمه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاوانی نێوده‌وڵه‌تی كامانه‌ن؟

فەلسەفەی نوێی قەزایی لە جیهاندا و ئەو ئاراستەیه‌ی کە سیستەمی قەزایی لە جیهاندا گرتوویه‌تیه ‌به‌ر، ئەوەیە کە تاوانبارانی نێودەوڵەتی نابێ بە هیچ شێوەیەک لە سزادان قوتار بن. یەكێک لە گرینگترین ئەو میکانیزمانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، كه‌ به‌شێك لە وڵاتانی پێشکەوتوو كاری پێ دەکه‌ن، سەڵاحییەت بەخشین بە دادگاکانی نێوخۆی وڵاتانە بۆ ئەوەی کە ئەو تاوانانەی پێشتر لە سەڵاحییەتی دادگای وڵاتەکاندا نەبوون، سەڵاحییەتیان پێ بدرێ بە دواداچوون بۆ ئەو تاوانانە بکەن.

دەزانین دادگای قەزایی وڵاتان، بۆی هەیە له‌ سێ حاڵه‌تدا بەرەوڕووی تاوانبار و تاوان ببێتەوە:

– تاوانبار هاووڵاتیی وڵاتەکە بێ.

– تاوانبار لەو وڵاتە تاوانەکە ئەنجام بدا.

– تاوانبار خەڵکی وڵاتەکە نییە و لە وڵاتەکەش تاوانه‌كه‌ ئەنجام نادا، بەڵام تاوانەکەی ڕاستەوخۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکە دەخاتە مەترسییەوە.

ئەوە سێ حاڵەتە سەڵاحییەتی زۆربەی دادگاکانی جیهانه‌. لە چەند دەیەی ڕابردوودا لە هێندێک ولاتانی پێشکەوتوو باسێکی دیکە هاتۆتە گۆڕێ كه‌ بەتایبەت بۆ ئێمە زۆر گرینگە. ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ سەڵاحییەتی جیهانی قەزایی. واته‌ كاتێك تاوانێك هیچ كام له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی تێدا نه‌بێ كه‌ ئاماژه‌یان پێكرا،  دادگای نیشتمانی ئەو سەڵاحییەته‌ به‌ خۆی ده‌به‌خشێ بەدواداچوونییان بۆ بکا و تاوانباران سزا بدا و بێگومان حوكمه‌كه‌ش “لازم الاجرایە”.

دیاره‌ واقعیه‌تێك هه‌یه‌ نابێ لەبیر بکرێ، پێوەندی نێودەوڵەتی یان بەرژەوەندی وڵاتان زۆر جار لەمپەرە لەبەر دەم بەدواداچوونی تاوانبارانی وڵاتانی دیکە. بۆیە مەسەلەی زاڵبوونی بەرژەوەندیی وڵاتان و پێوەندی نێودەوڵه‌تی بەسەر یاسا نێودەوڵەتییه‌کاندا، واقعیه‌تێکە کە تا ڕادەیەکی زۆر لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا پشتی پێ دەبه‌سترێ و دەبێتە هۆی ونبوونی حەقییقەت، دەبێتە هۆی ئەوەی کە تاوانباران زۆر جار ڕزگارییان بێ له‌ سزادان.

دوو پرسی گرینگ لە ماوەی ڕابردوودا هاتۆتە گۆڕێ، هەر دوو بابەت گرینگن بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازیی ئێران بە گشتی، بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کوردیش گرینگێکی تایبەتییان هەیە. یەکه‌میان مەسەلەی دادگای خەڵکیی قوربانیانی خەزەڵوەر بوو. دادگای خەڵکی یان ئەوەی پێی دەڵێن تریبووناڵ، هەر لە ناوەکه‌ی ڕا دیارە زیاتر تریبوونە، تریبوونێکە بۆ ورووژاندنی ڕای گشتی، بۆ ئەوەی کە فشار بخەنە سەر وڵاتان، فشار بێنن بۆ ناوەندە دەسەڵاتبەدەستەکان، بۆ ئەوەی تاونباران نەتوانن لە یاسا ڕابکەن. ئەو دادگایە هەرچەند هیندێك پێیان وایە دادگایه‌كی سیاسییە نەک قەزایی، بەڵام زۆربەی تایبەت‌مەندییەکانی قەزایی تێدایە.

به‌ڵام ده‌زانین حوکمەکانی ئه‌و دادگایه‌ “لازم الاجرا” نین، واته‌ هێزێک نییە کە توانای بەدواداچوون و دەستبەسەرکردنی تاوانبارانی هەبێ. “بێرتراند ڕاسڵ” یەکەم دادگای خەڵکیی سەبارەت بە جینایەتەکانی ئەمریکاییه‌كان لە شەڕی ڤیه‌تنام پێک‌هێنا كه‌ به‌ ڕاسڵ تریبووناڵ ناوبانگی ده‌ركرد. لەو کاتدا سەرەڕای ئەوەی کە ڕاگەیاندن، سۆشیال مێدیا، ئەو حەجمە تەبلیغاتییە کە ئێستا لە دنیا دا هەیە نەبوو، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەی هەبوو لەسەر هاندانی ڕای گشتی نێودەوڵەتی بۆ ئەو جینایەتانه‌ی کە ئەمریکاییه‌كان لە شەڕی وڤیتنام‌دا ئه‌نجامیان دابوو.

ساڵی ١٣٨٦ دادگایەکی خه‌ڵكی پێك‌هات بە ناوی ئێران تریبوناڵ. ئەو دادگا خەڵکییە هەوڵی دەدا ئێعدامی بە کۆمەڵی دهەی ٦٠ بەتایبەت زیندانیانی سیاسی ساڵی ١٣٦٧، بخاتە بەر باس. دیارە بەڕێوبەرانی ئەو دادگایە سەرەتا هەوڵیان دا، ڕێگایەک ببینەوە بۆ ئەوەی کە لە دادگایەکی واقعیی‌تر و دادگایەک کە توانای قەزایی هەبێ ئەو مەسەلەیە باس بکەن. ئەوان چاویان لێ کرد دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی کە سەلاحییەتی ئەوەی هەیە بەدواداچوون بۆ تاوانی هاوشێوه‌ بکا، بریتییە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی.

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی سەڵاحییەتی ئەوەی هەیە، تاوانبارانی نێودەوڵەتی محاکمە بكا و سزایان بدا. به‌ڵام ئێران ئەندامی ئه‌و دادگایه‌ نییە، ئەوە یەکێک لە لەمپەرەکان بوو. هه‌روه‌ها دادگای تاوانی نێودەوڵەتی تەنیا سەلاحییەتی بەدواداچوونی ئەو تاوانانه‌ی هەیە، کە دوای ساڵی ٢٠٠٢ واتە دوای دروست‌بوونی ئەو دادگایە ئەنجام دراون. واتە کوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی ١٣٦٧ ناكه‌وێتە چوارچێوه‌ی ئەو تاوانانە. دیاره‌ ئەویش هێندێک ئیستسنای تێدایە، لێرەدا ڕەنگە جێگای باسکردنی نەبێ. ئەوان دەیانزانی دادگای خەڵکی توانای ده‌ركردنی بڕیارێکی نییە کە جێبەجێی بکا، بەڵام هاتن دادگایەکیان ڕێک خست و، دادگاکە کاریگەریی لەسەر بیروڕای گشتی دانا.

لانیکەمی کاریگەرییەکه‌ی ئەوە بوو تا ئەو کات، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی حاشایان لە ئێعدامی زیندانیانی سیاسی ١٣٦٧ دەکرد. بەڵام لەوساوە تەوجیهی دەکەن به‌وه‌ی کە شەڕێک ڕووی داوە و موجاهیدین هێرشی کردووە بە پشتیوانیی دەوڵەتی عێراق، ئەوانە تاوانباری شەڕن و زۆر سروشتییە کە ئێعدام کراون. ئەو داننانەی ڕێژیم خۆی پێشکەوتنێکە، ئەوەی کە ناچار بوون ئێعترافی پێ بکەن و ئێستا دەبینین ڕەئیسی نەک حاشای لێ ناکا، بەڵکوو بە شانازییەوه‌ باس لەوە دەکا ئەرکی خۆی بەجێ هێناوە و پێی‌وایە دەبێ خەڵاتیش بکرێ.

ده‌بینین ئێستا لە دادگای حەمید نووری بەشێک لەو بەڵگانه‌ی کە لە ئیران تریبوناڵ پێشکەش کراون، کەڵکیان لێ وردەگیرێ. واتە بۆتە جێگای پشت پێ‌بەستنی دادگایەکی ڕەسمی.

كاتێك دادستانی ستۆكهۆڵم، دادگای به‌ قه‌ناعه‌ت گه‌یاند حه‌مید نووری دادگایی بكا، بەپێی سەڵاحییەتی جیهانی قەزایی، كه‌ ده‌وڵه‌تی سوئێد داویەتی بە دادگاکانی خۆی، هه‌ڵوێستێكی قه‌زایی مێژوویی تۆمار كرد. دادگایی کردنی حەمید نووری لە ڕاستیدا، دادگایی کردنی سیستمێکی سیاسییە بە گشتی.

حەمید نووری وەک له‌ ڕاپۆرتی دادستانی سوئێدیش دا هاتوه‌، یەکێک لەو کەسانە بووە کە بڕیارەکانی بەشێوەیەکی هەرەمی جێبەجێ کردووە. ئێمە فه‌توای خومەینیمان هەیە لەسەر زیندانیانی سیاسی، دواتر دانپێدانانی جێگری خومەینیمان هەیە کە مونتەزری بوو. دواتر ئەو دانپێدانانە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەو دواییانە دا کردوویانە سه‌بارەت به‌و ئێعدامانه‌. کەواتە بۆتە شتێکی سیستماتیک و بەرنامە دارێژڕاو. لەسەر سەرەوی حوكمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا تاوانێکی گەورە ئەنجام دراوە و هەزاران کەس کوژراون و، وڵاتێکی وەکوو سوئێد بە حەقی خۆی دەزانێ بە دواداچوون بۆ ئەو کەیسە بکا.

دادگایی کردنی حەمید نووری و بەرەوپێش چوونی ئەو ڕه‌وته‌ ئەگەر تەنانەت نەبێتە هۆی مەحکوو‌م‌كردنی خودی حەمید نووری، بە جۆرێک خستنە ژێر پرسیاری کۆماری ئیسلامییه‌ لە هەلومەرجی ئێستا‌دا. ڕای گشتی چ لەنێوخو چ لە دەرەوە، تەنانەت چ لە ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی جیهان به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌ستیار بووه‌ كه‌ ئاسان نەبێ تاوانبارانی کۆماری ئیسلامی بچنە وڵاتێکی پێشکەوتوو و ئازاد و بە ئاسانی بتوانن بێنەوە دەرێ لێی. ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە تا ئێستا بەدی‌هاتووە، به‌ده‌ر لەوەی حوکمەکه‌ی چی دەبێ و بەکوێ دەگا.

بەڵام لە هەموو ئەو به‌رگرییانەدا کە حەمید نووری ده‌یکا بە پشتبەستن بەو ڕێککەوتنانەی کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیبووەو بەو موماشاتەی کە وڵاتە ئوروپاییەکان لەسەر مەسەلەی مافی مرۆڤ لەگەڵ ئێران نواندوویانە (بۆ نموونە له‌ كه‌یسی دوکتور قاسملوودا)، به‌رده‌وام دەڵێ “ئەگەر چوومەوە ئێران کێشەم بۆ دروست دەبێ”. یانی هەتا ئێستاش باوەڕی بەوە هەیە پێوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئێران لەگەڵ سوئێد ئەو دەرفه‌تە بۆ حەمید نووری دەرخسێنێ کە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ ئێران و ڕزگاریی بێ لە سزادان. بەڵام ئەوەی کە هەتا ئێستا ڕووی داوە فشارێکی گەورەی دروست کردووە تەنانەت بۆ وڵاتی سوئێد، ڕای گشتیی وڵاتی سوئێد، ڕای گشتی نێودەوڵەتی، کە زۆر ئاسان نەبێ ئەو کارە.

زەقبوونەوه‌ی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە دادگایەکی نێودەوڵەتی و گەورەکردنەوەی ئەو پرسە لە نێوخۆی ئێراندا، کاریگەریی گەورەی لەسەر ئێران دەبێ. یەکێک لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی ئەوەیە کە تێچووی ئەو پێشێلکاریانە زۆر دەباتە سەر، یانی تێچووی پێشێلکارییەکانی داهاتووی کۆماری ئیسلامی زۆر دەباتە سەر و کاریگەریی دوویەمیشی ئەوەیە کە لە پێوەندییەکانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئەو دەست‌ئاواڵەیەی جارانی نابێ. بێ‌گومان کاریگەری دەخاتە سەر هێندێک ناوەندی بڕیار بە دەست کە سزا بسەپێنن بەسەر ئەو کەسانە و ئەو لایەنانەی کە لەو دادگایانەدا مەحکووم دەکرێن.

بۆ نموونە لە مەسەلەی دادگای خەزەڵوەردا پێشبینی دەکرێ ئەو سەد و چەند کەسه‌ی کە دادگا وەکوو تۆمەتبار ناساندوونی و ئێستا حوکمیان لەسەر نەدراوە، هێندێک لە ناوەندە بڕیار بە دەستەکان بیانخەنە لیستی ڕەشەوە، گەمارۆیان بخەنە سەر و تێچوویان بۆ دروست بکەن. ڕۆڵێکی‌تر کە ئەو مەسەلەیە هەیەتی زەقبوونەوەی پێشێلکاری مافی مرۆڤە، كه‌ ده‌توانێ کاریگەری لەسەر یەک گوتاری لەنێو ئۆپۆزیسۆنی کۆماری ئیسلامی بەگشتی هەبێ. لەوانەیە بزووتنەوەی سیاسیی ئێران بە گشتی لە زۆر بابەتی جۆراوجۆردا، جیاوازییان هەبێ تەنانەت بەیەکەوە دانیشن. بەڵام پێشێلکاری مافی مرۆڤ خاڵێکە، کۆدەنگێکی لەسەر دروست بێ و یارمەتی ده‌دا بە پێكهێنانی ئاڵترناتیڤی داهاتووی کۆماری ئیسلامی.

ئەو دەرفەتانه‌ی لەبەر دەستی ئێمە دان و هه‌روه‌ها ئەرکی ئێمە چی دەبێ. ئێمە دەبینین کە ئێستا کۆمەڵێک لە لایەنە سیاسی و سەراسەییەکان توانیویانە کاریگەری دروست کەن لەسەر ڕەوتی دادگاكان و پێک‌هێنانی. بەڵام ئێمەی کورد چۆن دەتوانین کەڵک وەرگرین لەو دەرفەته‌ی دروست بووە. دەرفەتێک کە به‌ سه‌رنجدان به‌وه‌ی ئێران لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەوە ناسراوە، ڕێژیمێکی پێشێلکاری مافی مرۆڤە و هه‌ر بۆیه‌ ده‌توانرێ بە ئاسانی ئەو قەناعەتە بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بهێندرێ کە دادگای وڵاتێکی وەکوو سوئێد دەستی ئاواڵەتر بێ، بۆ بەدواداچوون.

 

ئێمە دەتوانین چی بکەین!

ئێمە لە ئێستادا کە پرسێکی ڕەوامان هەیە، یەکێک لە قوربانیانی تاوانه‌كانی کۆماری ئیسلامیین. لەوانەیە ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانە کە کۆماری ئیسلامی له‌ كوردستان ئەنجامی داون، زۆر زیاتر بن لە ناوچەکانی دیکە ئێران. ئەگەر بڵێین تەنیا تاوانی دژە مرۆیی و تاوانی جه‌نگ لە ناوچەکانی دیکە ئێران بەڕێوەچوون، بێ‌گومان لە کوردستان تاوانی ژینۆسایدیش کراوە.

کەواتە ئەرکی ئێمە قورسترە بۆ ئەوەی کە بوونمان هەبێ لەو دادگایانە و خۆمان فەزایک دروست کەین کە تێیدا کەسانێکی دیکە وەکوو حەمید نووری و سەدان کەسی وا سەردانی وڵاتان دەکەن، تەنانەت ئەوەی کە پێوەندی بە دادگای خەڵکییەوە هەیە بتوانین ڕێکی خەین و دەرفەتێک دروست کەین بۆ بەرەو پێشچوونی دۆزەکەمان. یانی پێم‌وایە دەتوانێ بێتە ڕەهەندێکی گرینگ لە خەباتی سیاسی، تەنانەت خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئێمە ئەگەر ئاوڕێکی کورت بدەینەوە بەو تاوانانەی کە کۆماری ئیسلامی ئەنجامی داون.

کەواتە تەواوی تاوانەکانەکانی نێودەوڵەتی لە کوردستان زۆر بە زەقی و بەربەرین بەڕێوەچوون. ڕەنگە زۆریش سەخت نەبێ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی خوارەوی ئەو تاوانانە. ئێمە هەموو کەرەستەکانمان لەبەر دەست‌دان و دەزانین بۆ نموونە لە قاڕنێ چی کراوە لە قەڵاتان چی کراوە، هەمو ئەوانە بە داتای وردە و بە کۆکردنەوەی هەموو ئەو زانیاریانە کە لەو ڕووداوانە هەن، تەنانەت بە شایەدیدانی کەسانێک کە یان لە دەرەوەی وڵاتن یان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و نەناسراو، وه‌ك ئەوەی کە لە دادگای خەڵکیی خەزەڵوەردا دیتمان شایەدیان دا.

یانی کۆکردنەوە و بەڵگەمەندکردنێك نرخی یاسایی هەبێ لە ئێستادا ئەرکێکی جیددی و هەنووکەیین. بۆیە وەکوو هەنگاوی یەکەم ئێمە دەبێ تێچووی بۆ بدەین و حیسابی لەسەر بکەین. ئه‌وه‌ش بزانین کە دەتوانێ کاریگەری گەورەی هەبێ لەسەر دۆزەکەمان. هه‌روه‌ها دەتوانێ کۆدەنگێکی گەورە دروست بکا بۆ ئەو بزووتنەوە سیاسی و نەتەوەییە کە ئێمە لە کوردستان هەمانە. یانی ئەڵقەکانی دەوری حاکمییەتی کۆماری ئیسلامی به‌رتەسک‌تر دەکاتەوە. پرسی مافی مرۆڤ جیا لە مەسەلە سیاسییەکانی دیکە، زۆر باشتر ده‌توانێ خەڵک لە دەوری پڕۆژەیەکی سیاسی کۆ بکاتەوە. بۆیە دەتوانێ لە ئاستی سەراسەریدا، لە ئاستی کوردستان‌دا بەرەو یەک‌گوتارییەکمان بەرێ.

پێویسته‌ ئێمه‌ ئەزموون وەرگرین لەو دادگایانە، لەبەر ئەوەی ڕێچکەیەکی نوێی قەزاییە لە جیهاندا دەستی پێ کردووە، لە سەردەمی تەقینەوی زانیارییەکاندا، وای کرد پرسەکە ببێتە پرسێکی نێودەوڵەتی و ڕای گشتی بە تەواوی بۆ ئامادە کرا. هه‌روه‌ها تێچووی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی بۆ لایەن کۆماری ئیسلامی قورستر کرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .