چاونیوز: ناوندی فەرهەنگی ــ هونەریی ڤەژین لە شاری مەریوان ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز، لەسەر ڕێگریکردنی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوچلە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە.
لە بەشێک لە ڕاگەیەندراوەکەی ناوەندی ڤەژین ئاماژە بەوە کراوە کە:
“هەر وەک ئاگادارن لە دە ساڵی ڕابردوودا، بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا و خەڵاتی بەڕووی زێڕین وەک بۆنەیەکی نیشتمانی لە لایەن ناوەندەکەمانەوە بەڕێوە چووە. بەڵام بەداخەوە لە دووساڵی ڕابردوودا بەهۆی دۆخی نەخوازراو و هەروەها بڵاوبوونەوەی پەتای کرۆنا ئەم ڕێوڕەسمە بەڕێوە نەچوو.
دوابەدوای ئاسایی بوونەوەی دۆخ و ڕزگاربوون لە پەتای کرۆنا، بەهیوا بووین ئەمساڵ ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا بە شێوازێکی شیاو و بەشکۆ بەڕێوە ببەین، بەڵام بە داخەوە فەرمانداریی مەریوان بە بیانووی دواکەوتنی مەجمەع و هەڵبژاردنی دەستەی نوێی بەڕێوەبەری ڤەژین، مۆڵەتی بەرێوەبردنی ئەم بەرنامەیەی پێ نەداین.
ئێمە لەو قەناعەتەداین ڕێگەنەدان بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی شەوی یەلدا، پێوەندییەکی ئەوتۆی بە ڕەوتی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی ناوەندەکەمانەوە نییە و بەڵکوو ئێرادەیەکی تر لە ئارادایە بۆ کپکردنی دەنگ و چالاکیی ناوەندە مەدەنییەکان”.