چاونیوز: مێرمناڵێکی خەڵکی ناوچەی شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی ورمێ گوازرایەوە.
بەپێی هەواڵی چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، ڕۆژی چوارشەممە هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی “کانی ڕەش” سەر بە شاری شنۆ بەناوی “شەهرام مەنگوڕی” ١٦ ساڵە کوڕی قادر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەیەکی ورمێ گوازرایەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە “چاونیوز”ـی ڕاگەیاند: ئەو هاونیشتمانییە بەمەبەستی ئەندام بوون لە حیزبی دێموکرات سەردانی باشووری کوردستان دەکا بەڵام لەبەر کەمیی تەمەنی وەرناگیرێ و دواتر بە ئاگاداری بنەماڵەکەی و ئیتلاعاتی سپا دەگەڕێتەوە، بەڵام دەگەڵ ئەوەیکە سپا بەڵێنی ئەوەی پێدابوون کە نایگرن، ئێستا بۆ گرتنگەیەکی ورمێ گوازرایتەوە و بنەماڵەکەشی هیچ زانیارییەکیان لێی نییە.