۱۱ی سەرماوەزی ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

چاک شۆڕش! (چاکسازی-شۆڕش) شاروخ حەسەن زادە

چاونیوز: دوای داڕمانی بەرەی ڕۆژهەڵات(بلوک شرق) “تیمووتی گارتێن ئەش”(Timothy Garton Ash) توێژەر و نووسەری بەناوبانگی بریتانیایی کە لە زانکۆی ئاکسفۆڕد وانەکانی مێژووی هاوچەرخ دەڵێتەوە، بە ڕوانینێکی نوێ ئاڵوگۆڕەکانی چارەگە سەدەی دوایی گەنگەشە دەکرد. تیموتی باس لە کودتاکانی مەخمەری ئورووپای ڕۆژهەڵات دەکات و پێی وایە ئەم شێوازە تشتێکە لە نێوان “چاکسازی”(اصلاحات) و “شۆڕش”(انقلاب). ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، ئەوەی لە وڵاتانی لەهێستان و مەجارستان ڕووی داوە زۆر بە دژواری دەکرێ ناوی “شۆڕش”ـی لەسەر دابنێین، لە ڕاستیدا ئەمە تێکەڵاوێکە لە چاکسازی و شۆڕش(چاک-شۆڕش[*]).

لەم دیاردەیەدا توخمێکی بەهێز و سەرەکیی “گۆڕان لەسەرەوە” بوونی هەبووە کە لە ژێر سەرکردایەتی “کەمینەیەکی ڕووناکبیر” لەناخی حیزبە کۆمۆنیستەکان دا چالاکی دەکرد؛ بەڵام توخمێکی زیندوو “گوشاری جەماوەر لە ژێرەوە”ـش بوونی هەبووە، پێوەندی نێوان ئەم دوو دیاردەیە بەگشتی بە نێوبژێوانی نێوان چینی هەڵبژاردە و ئێلیتی دەستەڵاتدار و دژبەران شەقڵی دەگرت. هەتا دوای ڕووخانی بەرەی ڕۆژهەڵات، دوانەی –چاکسازی شۆڕش- بەسەر وێژەی سیاسی کە دەیویست ڕەوتی “گۆڕان” لە کۆمەڵگا جۆربەجۆرەکان شرۆڤە بکا، زاڵ بوو. بەڵام وردەوردە و بەتایبەت پشتی ڕەوتە فرەچەشنەکان گۆڕان لە حکومەتەکانی سەر بە بەرەی ڕۆژهەڵات ئەدەبیاتێکی نوێی گووراند کە خۆی لە چەمکی “چاک-شۆڕش”(ئەم چەمکە لەلایەن تیوموتی گارتێن ئەش داهێنرا) بەشێوەیەکی قوڵتر و بەربڵاوتر لە مانای “تێپەڕین”(بەرەو دێموکراسی) نیشان دراوە.

لێڕوانینی شۆڕشگێڕانە لە دەستەواژەکانی باوی دەیەکانی ئەم دواییە واتە “وەرگەڕاندن” و “ڕووخاندن خوازی” لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دوای شۆرشی گەلانی ئێران سێبەری بەسەر زۆرێک لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن داکێشاوە. هەروەها چەند ساڵێکیشە کە چەمکی گۆڕان و “گۆڕانخوازی”ـیش هاتوویە ناو کایەی ئەدەبیاتی سیاسی کە زۆرێک لە خەباتکاران هەرسێک ئەو مۆدێلانەیان دیوە و تاقی کردووتەوە و هەرکامیان بۆچوونی جیاواز و جۆراوجۆریان لەسەر ئەو شێوازانە هەیە.

بەشێک پێیان وایە کە سەردەمی چاکسازیی خاتەمی بەسەرچووە و ئیتر ئەم تێرمە باوی نەماوە، هەڵبەت ئەوان پێیان وایە کە قۆناغی شۆڕشیش وێڕانەگەیشتووە، چوونکە شۆڕش کاتێک دەکرێ کە هیچ ڕێگایەکی دیکە بۆ خەڵک نەمابێ. ئەوەی کە ئێستا ئێمە تێیداین سەردەمی ڕێفۆرم و گۆرانکارییەکانە، سەردەمی –چاک شۆڕشە-. بەو واتایە کە ئامانجەکانی ئێمە شۆڕشگێڕانەن بەڵام بە شێوازی چاکسازیی ئامانجی ئێمە گۆڕانی یاسای بنەڕەتی-ییە، بەڵام ڕێبازەکەمان چاکسازانەیە.

بە گشتی دەتوانین لەم دوو چەمکە – چاکسازی و شۆرش- لە بواری شێواز و ئامانج جیا بکەینەوە و زیاتر شی بکەینەوە کە تێدا چوار ڕەوش دێنە ئاراوە:

ڕەنگبێ ئێوە هەم لە ئامانجەکەتان و هەمژی لە شێوازەکەتان شۆڕشگێڕ بن، ڕەنگبێ لەهەردووک جۆر دا چاکسازی خواز بن، یان دەکرێ لە شێواز دا چاکساز و لە ئامانج دا شۆڕشگێڕ بن و دەنا لە شێوازدا شۆڕشگێر و لە ئامانج دا چاکسازیخواز.

بەشێکی دیکەش پێیان وایە کە، چاکسازی لە ئێران تاقیکرایەوە جا ڕەنگبێ یان ئیمکانات هزری تەواوی تێدا نەبوو یان ئەوەیکە سەرکردایەتییەکەی تووشی کێشە بوون و یان خڕ ئەمە پیلانێک لەلایەن خودی حکومەتەوە بووە، ئەو بیرۆکەیە بە هەرحاڵ نەیتوانیوە خەڵک بە ئامانجە دڵخوازەکانی خۆی بگەهێنیت، دوای ئەمە خەڵک تووشی بنبەست نابن، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت ڕێگای خۆیان بەردەوام دەپێون و بەرەو پێش دەچن.

ئەم دەستەیە پێیان وایە، وا بە هاسانی ناکرێ پێمان وابێ ئەم ڕێژیمە ئامادەی چاکسازی نییە، چوونکە گەلێک سیستەم هەن کە ئامادەی چاکسازی نین، چاکسازی دەبێ لەلایەن چاکسازیخوازانەوە پێیان بقەبلێندرێ و بەسەریان دا بسەپێنرێ. یەکێک لە ئامرازەکانی چاکسازیخوازان گوتوبێژە و دیالۆگە، هەمیشە خۆ هەر ئاوا نییە کە ئێوە بە زمانی خۆش و کەنینەوە دەگەڵ یەکتر بدوێن، دیالۆگ لە شێوازی چاکسازیخوازان نەک تەنیا بۆ پێمڵ کردنی لایەنی بەرامبەرە بەڵکوو بۆ سەپاندن و بە قەناعەت گەیاندنییەتی، واتە ئێوە دەبێ بە لایەنی بەرامبەرتان بقەبڵێنن و ڕازی بکەن. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئێوە هێزی سیاسی و ئامادەتان لە مەیدان دا هەبێ و بە پشتیوانی ئەو بتوانن ڕەقیبەکەتان لە گوتوبێژدا ناچار بە پاشەکشە بکەن و پێی بسەلمێنن.

هەموو شتێکیش هەر ئەوە نییە کە بگەین بە دوو ڕێیانێک بەناوی چاشۆڕش یان سێ ڕێیانێک بەناوی –شۆڕش، چاکسازی و شەڕ- لە باسە هزرییەکانی پێوەندیدار بە بابەتی دێموکراتیزاسیۆن جۆری فرە ڕەهەند و شێوازگەلێکی دیکەش هەن کە بە دێموکراسی دەگەن. “دۆناڵد شێر” چوار جۆر دێمۆکراتیزاسیۆن لە ڕێژیمە دەستەڵاتخوازەکان ئاماژە پێ دەکا: سەرەتا، دێموکراتیزاسیۆنی پەرەسەندوو یان تێپەڕینی ئارام بەرەو دێموکراسی بە ڕەزایەت و بەشداری ڕێبەرانی ڕێژیم.(ئەم جۆرە لە تێپەڕین بریتییە لە جۆرێک دان و ستان، ئەو چاکسازیخوازانەی دەچنە ناو دەستەڵات و دەتوانن لە گۆڕینی هێور ڕۆڵیان هەبێ و لەوهەمووە دەستەڵاتخوازییەی ڕێژیم دابەزێنن و بخوازن بەرەو وەدیهاتنی دێموکراسی هەنگاو بنێن). بە باوەڕی “سامویێل هانتینگتۆن” لە زۆربەی حاڵەتەکانی دێموکراتیک سازی لە “شەپۆلی سێهەمی” بەرەو دێموکراسی(لە نیوەی دەیەی ١٩٧٠ بە وڵاتی پورتەغاڵ) بەم شیوەیە ڕوویان داوە و ئیسپانیا و بڕێزیلیش بەڵگەیەکی زیندوون. یان، تێپەڕین بەرەو دێموکراسی بەشێوازی دیالۆگ و ئاشتی و سازان و پێکهاتن، کە بە جۆرێک تێپەڕینی خێرا بە ڕەزامەندی ڕێبەرانی ڕێژیم دەژمێردرێ. ئەم جۆرە لە تێپەڕین لە دۆخێک دا ڕوو دەدا کە بەرەی دژبەران و ناڕازییان بەهێز بووە و بزووتنەوە جڤاکییەکانی پشتیوانی دێمۆکراتیزاسیۆن سەریان گرتووە و حکومەت یەکپارچەیی خۆی لەدەست داوە توانایی پێویستی بۆ سەرکوت و کۆنترۆڵ کردنی ڕەوشەکەی لەدەست دا نەماوە. بە پێی توێژینەوەی هانتینگتۆن، نزیک سێ لە یەکی ئەو ڕەوتانەی تێپەڕین لە “شەپۆلی سێهەم”(بەتایبەت میناکی ئەفریقای باشوور)ئەزمونێکی ئاوایان هەیە.سێهەم: تێپەڕین بەشیوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی درێژ ماوە یان تێپەڕینی دوورمەودا، بەبێ ڕەزایەتی دەستەڵاتدارانی ڕێژیم، تێپەڕینێک کە بە خەباتی توندووتیژ بەستراویتەوە و دەخوازێ حکومەت بڕوخێنیت و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بەسەردا بێنیت. ئەوەی دوامینیش: تێپەڕین بە شێوەی لێک ترازان، تێپەڕینێک کە بە شێوەی خێرا و بە دژی ڕێبەرانی ڕێژیم و حکومەت ڕوو دەدا و بە شۆڕش(شۆڕشی گەلانی ئێران)، کودەتا(نیجێر)، ڕووخان یان سپاردنی دەستەڵاتی سیاسی- بە هێرشی دەرەکی(عێراق) بە ئاکام دەگا.

ئەم شێوازناسییە لە باسگەلی بەرەو دێموکراسی زۆرن، هەروەک هانتینگتۆنیش ئاماژە بە چوار جۆر تێپەڕین دەکا(لێنزیک وەک ئەوەی شێر):١.بەڕێگای دان و ستان لە قەوارەی سیاسی دەستەڵات. ٢.بە ڕێگای دیالۆگ و لەیەک تێگەیشتن. ٣.جێگۆرکێ(دەستاودەست کردنی دەستەڵات). ٤.بە شێوازی نیزامی(جا چ لە ناوخۆ چ لە بە هاوکاری دەرەکی).

 

بەشێک لە گوتوبێژەکان و بۆچوونەکانم لە وتاری “دوگانە اصلاحات یا انقلاب؛ اشتباه رایج”، “مهرداد قاسمفر، رادیو فردا” وەرگرتووە.

[*] . لە وێژەی سیاسیی فارسیدا چەمکی “اصقلاب” هاتووە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *