۱ی خەزەڵوەری ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

مێژووی دوور و درێژی تێرۆر و شەڕفرۆشیی ئێران

چاونیوز: ئاکارە شەڕفرۆشانەکانی ئەو دواییانەی ئێران دژی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی درێژەی مێژوویەکی دوور و درێژی ئەو دەوڵەتەیە، لەنێویاندا نوێکردنەوەی تاکتیکان کە هاک‌کردنی سایبەری و کەمپەینی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە دەگرێتەوە. وێنەی تازە بڵاوکراوەی ڕۆژی سێ شەممە لەلایەن  هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان، بەلەمی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران نیشان دەدەن کە خەریکی مانۆڕی “مەترسیدار و کاڵفامانە” لە دەوری پاپۆڕە ئەمریکاییەکان لە کەنداوی فارسن.

ئەوە دووهەم ورووژاندن لەلایەن ئێران، دووهەمین وڵاتی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕوانگەی قەوارەوە، بوو، ئەوە لە کاتێک‌دایە کە ئەو وڵاتە خۆی بۆ وتووێژ لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان و ڕێبەرانی دیکەی دنیا لە بارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٢٠١٥ی ئێران ئامادە دەکا.

لەو کاتییەوە کە ڕێژیمی ئەو وڵاتە لە  ١٩٧٩ (١٣٥٧ی هەتاوی) بوو بە کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەو وڵاتە مێژوویەکی دوور و درێژی لە تێرۆر و ئاکاری شەڕفرۆشانەی دیکە بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانی هەیە. ئەم رێژیمە ٤٢ ساڵە، لە لایەن وڵاتە یەکگرتووەکان و خاوەن‌ دەسەڵاتانی دیکەی دنیا وەک سەرەکیترین پشتیوانی تێرۆریزم لە سەرانسەری دنیا ناسراوە. ئەو ڕێژیمە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پشتگیریی لە ڕێکخراوی تێرۆریستیی، وەک تالیبان و حیزبوڵڵا، دەکا.

مێژووی تێرۆر

بەر لە شۆڕشی ئێران، ئەو وڵاتە لە لایەن موحەممەد ڕەزا پەهلەوی بەڕێوە دەچوو، کە بنەماڵەکەی لە ١٩٢٥ (١٣٠٤ی هەتاوی) بەو لاوە دەسەڵاتیان بەدەستەوە بوو. بەڵام، لە پەنجاکانی زایینی بەولاوە حکومەتی ڕەزا شا، بە پشتیوانیی وڵاتە یەکگرتووەکان، هەر دەهات و زۆرتر بەرەو دیکتاتۆریی دەچوو. شا هەوڵی دا ئێران وەک وڵاتێکی ڕۆژئاوایی لێ بکا و دەرفەتی زۆرتری بۆ شارۆمەندانی ئێران ڕەخساند تا لە بازرگانی و خوێندندا سەرکەون. بەڵام، لە   ١٩٧٩ (١٣٥٧)، دەسەڵاتی دیکتاتۆریی پەهلەوی بووە هۆی شۆڕش کە ئاکامەکەی وەلانانی ناوبراو لەسەر دەسەڵات بوو.

ئایەتوڵڵا ڕوحوڵڵا خومەینی و سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی، لقێکی [سەربازیی] دەوڵەتی ئێران کە دەیان ساڵ خەریکی چالاکیی تێرۆریستی دژی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانەکانی بووە، جێگای پەهلەوییان گرتەوە. حەوت مانگ دوای ئەو ڕووداوە ئێران بە فەرمی بوو بە کۆماری ئیسلامی و، ڕێبازی تێرۆریزمی وەک تاکتیکێک بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجە سیاسییەکانی و ترساندنی دوژمنانی دەست پێ کرد.

لە ٤ی نۆڤامبری ١٩٧٩ (١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨) تاقمێک خوێندکاری توندئاژۆی ئێرانی هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی وڵاتە یەکگرتووەکان لە تاران. پەنجا شارۆمەندی وڵاتە یەکگرتووەکان بە بارمتە گیران. خوێندکارەکان داوایان لە سەرۆک‌کۆماری ئەوکاتی ئەمریکا، کارتێر، کرد شا کە لە وڵاتی خۆی ڕای کردبوو، ڕادەستی ئێران بکاتەوە تا دادگایی بکرێ. خومەینی هەر ئەوکات فەرمانی دابوو کە دەوڵەت لە سەرجەم کاربەدەستی لایەنگری شا پاک بکاتەوە، کە ئەو بڕیارە بووە هۆی ئیعدامی هەزاران کەس.

کارتێر خۆی لە ڕادەست‌کردنەوەی شا بوارد. بارمتەکان ٤٤٤ ڕۆژ ڕاگیران و بوونە هۆی دۆڕاندنی کارتێر لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ١٩٨٠ لە بەرانبەر ڕۆناڵد ڕەیگان. بەڵام ئێران بناغە تێرۆریستییەکەی خۆی پتەو کردبوو. بە پشتیوانیی ئێران، تاقمی تێرۆریستیی حیزبوڵڵا لە نێوان ١٩٨٢ تا ١٩٩٢  (١٣٦١- ١٣٧١)دا نزیکەی ١٠٠ شارۆمەندی بیانیی لە لوبنان بە بارمتە گرتن، لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆر ئەمریکایی. هێندێک لە ئەمریکاییە بە بارمتەگیراوەکان چەند ساڵ زیندانی بوون لە کاتێکدا هی دیکە، لە نێویاندا بەرپرسی بنکەی سی ئای ئەی ویلیام باکلی، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژران.

حیزبوڵڵا، کە حیزبێکی ئیسلامیی شیعە و گرووپێکی چەکدارە لە لوبنان، لە ١٩٨٣ (١٣٦٢ی هەتاویدا) باڵوێزخانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی لە بەیرووت تەقاندەوە کە بووە هۆی کوژرانی ٦٣ کەس، لە نێویاندا “سەرجەم ئەندامانی سی ئای ئەی لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست.”

ئێران هەروەها پشتگیریی لە تەقاندنەوەی بنکەی سەربازانی هێزی دەریایی وڵاتە یەکگرتووەکان لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەیروت کرد کە بووە هۆی کوژرانی نزیکەی ٢٥٠ کەس لە هێزی مارینز و ١٠٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. ئێران بە هەمان شێوە لە پشت تەقاندنەوەی باڵوێزخانەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە کووەیت لە لایەن حیزبوڵڵاوە بوو. هەروەها ئێران دەستی لە کوشتنی چەندین کەس، لە نێویاندا زۆر بەرهەڵستکاری سیاسی هەبووە. شاپور بەختیار، دوایین سەرۆک‌وەزیرانی ئێران پێش شۆڕش و ڕێبەری جووڵانەوەی بەرخۆدانی نەتەوەیی ئێران لە تاراوگە لە فەڕانسە بوو. لە گەڕەکێکی قەراخ شاری پاریس لە ١٩٩١ (١٣٧٠ی هەتاوی) بە دەست مرۆڤکوژانی ئێران کوژرا. کاتێک یەکێک لە بکووژەکان دوای ٢٠ ساڵ ئازاد کرا، لە لایەن کاربەدەستانی ئێرانییەوە وەک قارەمانێک پێشوازیی لێکرا.

ئێران هەروەها لە ١٩٧٩ (١٣٥٨ی هەتاوی) بەولاوە، پێوەندییەکی پڕ لە کەند و کۆسپی لەگەڵ دراوسێی خۆی ئەفغانستان هەبووە. ئەنستیتۆی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ڕایگەیاندووە کە ئێران “هاوکات پشتیوانیی لە دەوڵەتی ئەفغانستان و تالیبان کردووە بەو هیوایە کە بتوانێ ئەوان لێک دابڕێ و کاریگەریی بخاتە سەر ڕووداوە سیاسییەکان دوای کشانەوەی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان.” لە ئاکامدا، لە درێژەی هەوڵەکانی بۆ لاوازکردنی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئاستی جیهانیدا، ئێران چەکوچۆڵ و یارمەتیت دارایی گەیاندۆتە تالیبان تا لە ئەو گرووپە دژی هێزەکانی هاوپەیمان بە ڕێبەریی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان کەڵک وەرگرێ.

ئیسڕائیل یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانانی وڵاتە یەکگرتووەکان، بە هەمان شێوە ئامانجێکی ئاسایی تێرۆریزمی ئاراستەکراو لە لایەن ئێرانەوە بووە.  ئێران بەردەوام هەوڵی بنکۆڵ‌کردنی پێگەی ئیسڕائیل لە خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە پشتگیریی لە توندوتیژی داوە تا پێش بە ئاشتی لە ناوچە بگرێ.

تاکتیکە تێرۆریستییەکانی ئێران لە چاو ١٩٧٩ (١٣٥٧ی هەتاوی) ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتووە و ئێستا لە توندوتیژیی فیزیکی، بڵاوکردنەوەی چەکوچۆڵ و تەقاندنەوەی بۆمب و هەروەها شێوازە مودێرنەکانی تێرۆر کە بتوانێ حاشایان لێ بکا، تێپەڕ بووە.

نوێکردنەوەی تاکتیکەکانی تێرۆر

لەو ساڵانەی دواییدا، توانایی ئێران بۆ بەڕێوە بردنی تێرۆر و نانەوەی ترس لە دەوری دنیا ورسووڕانی بەخۆیەوە بینیوە و تەنیا هێرشی فیزیکی لەخۆ ناگرن، بەڵکوو ڕێژەیەکی بەرچاو لە هێرشی سایبەری تا کەمپەینی بڵاوکردنەوە هەواڵی درۆ و دزینی زانیاریی دەگرنە خۆ.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا، شارۆمەندانی ئێرانی کە کار بۆ دەوڵەتی ئێران دەکەن دەستیان لە کەمپەینی ئاراستەکراوی هێرشی سایبەری دژی وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانان‌دا هەبووە. لە ٢٠١٦ (١٣٩٥ی هەتاوی)، حەوت ئێرانیی داواکراو، هەوڵی سابۆتاژی دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا لە ڕێگای بەدەستەوە گرتنی کۆنتڕۆڵی بەنداوێکی نیویۆرکیان دا. هاک‌کەرەکان کاریان بۆ سوپای پاسداران دەکرد.

دوو ساڵ دواتر، وەزارەتی دادوەری ئەمریکا ڕایگەیاند کە نۆ داواکراو، کە ئەوانیش کاریان بۆ دەوڵەت و سوپای پاسداران دەکرد، سیستەمی کامپیوتێریی ٣٢٠ زانکۆ و ٢٢ وڵاتیان هاک کردبوو و توێژینەوەی تایبەتیان دزی کە نرخی دەگەیشتە چەند میلیارد دۆڵار.

لە سێپتامبری ڕابردوودا، سێ هاک‌کەری دیکەی ئێرانی لەبەر دزینی زانیاریی تەکنەلۆژی پیشەسازیی فڕۆکە و ساتەلایتی وڵاتە یەکگرتووەکان، دادگایی کران. ئەوان زۆر کۆمپانیایان لە نێوخۆی وڵاتە یەکگرتووەکان و دەرەوە کردە ئامانج و بە سەرکەوتووییەوە دەستیان بە ڕایەڵەکان ڕاگەیشت و زانیاریی هەستیاریان دزین.

جگە لەوە، دەستی تاقمە ئێرانییەکان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە لە نزیک سەردەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ٢٠٢٠ ئاشکرا بوو. وەزارەتی دارایی وڵاتە یەکگرتووەکان هەر وەها ئابلۆقەی نوێی خستوونە سەر سوپای پاسداران، سوپای قودس و ئەنستیتۆی بەیان رەسانە گوستەر، لەبەر ئەوە کە ڕاستەوخۆ، ناڕاستەوخۆ یان بە شێوەی دیکە لە دەستێوەردانی دەرەکی” لە هەڵبژاردنەکەدا دەستیان هەبووە.

هەڕەشەی دزەکردنی سایبەریی بە پشتیوانیی دەوڵەت، بەردەوام ئالنگارییە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانی لە سەرانسەری دنیا.

بەڕێوەبەرایەتیی بایدن و ئێران

سەرەڕای مێژووی دوور و درێژی ئێران لە تێرۆریزمی فیزیکی و سایبەری، سەرۆک‌کۆمار بایدن ڕایگەیاندووە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەی هەڵوێستێکی کراوەتر بەرەو دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو وڵاتە دەگرێتە بەر، لە نێویاندا ئەگەری هەڵگرتنی ئابلۆقەکان و گەڕانەوەی فەرمی بۆ ڕێکەوتنی ئەتۆمی ئێران هەن.

بەپێچەوانە، بەڕێوەبەرایەتیی سەرۆک‌کۆماری پێشوو ترامپ “کەمپەینی ئەوپەڕی زەختی” دژی ئێران دەست پێ کرد، لەنێویاندا بە پەسەندکردنی ١٥٠٠ ئابلۆقە بۆ سەر ئەو وڵاتە و لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران هاتە دەر.

ئەندامانی نیگەرانی کۆماریخواز لە کۆنگرە هەر ئێستا ڕێکاری ئەوتۆیان گرتوونە بەر تا دڵنیا بن کە بەڕێوەبەرایەتیی بایدن نەتوانێ لە بەرانبەر داواکانی ئێران خۆ بەدەستەوە بدا.

مانگی ڕابردوو، ئەندامی دیاری کۆمیتەی کارو باەی دەرەوەی کۆنگرە لە حیزبی کۆماریخواز لە تێکزاس، مایکڵ مەککاڵ، لەگەڵ ٢٠ ئەندامی کۆماریخوازی کۆمیتەکە، یاسای ٢٠٢١ی پێداچوونەوە بە سووک‌کردنی ئابلۆقەکانی ئێرانیان پێشکەش کرد. پێشنیاری یاساکە بە دەستپێشخەریی سێناتۆر بیڵ هاگێرتی، کۆماریخواز لە ویلایەتی تێنێسی، پێشکەش کرد تا پەسەند بکرێ، کە ئەگەر پەسەند بکرێ دەسەڵات دەداتە کۆنگرە تا هەوڵەکانی بەرێوەبەرایەتی بایدن بۆ هەڵگرتنی ئابلۆقە لەسەر ڕێژیمی ئێران پووچەڵ دەکاتەوە.

جگە لەوە، وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشوو، مایک پۆمێئۆ، حەوتووی ڕابردوو بووە هاودەنگی شەش نوێنەری کۆنگرە لە حیزبی کۆماریخواز بۆ ئاشکراکردنی یاسای ئەوپەڕی زەخت، یاسایەکی نوێ کە کەمپەینی ئەوپەڕی زەخت وەها قفڵ دەکا کە بۆ بایدن تەقریبەن نامومکین دەبێ بتوانێ ئابلۆقەکانی سەر ئێران سووک بکا.(وەرگێڕدراو لە فاکس نیوز، کەماڵ حەسەن پوور)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *