۱۱ی گەلاوێژی ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

ژنان و ماددەی هۆشبەر

چاونیوز: ئاماری سەر سووڕهێنەری ئینتیما و ڕاکێشرانی قوتابی و خوێندکارانی کچ بۆ لای ماددەی هۆشبەر، لەدایکبوونی ساوا توشبووەکان، ڕێژەی سەرێی ژنان تووشبوو بە ئایدز، هۆکاری گیرانی نیوە بە نیوەی ژنانی بەندکراو لە ئێران بە ماددەی هۆشبەر، وریاکردنەوەی بەردەوامی کارناسانی بواری ئێعتیاد و زۆر نیشانە و بەڵگەی دی باس لەوە دەکەن کە ئاماری تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر لەنێو ژنان لە ئێراندا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. بەڵگەکان هاوکات ئەوە دەسەلمێنن کە حەشیمەتی ڕاستەقینەی گیرۆدەبووان بەو ماددە ماڵوێرانکەرە چەند قاتی ئەو ئامارەیە کە بە شێوەی فەرمی بڵاو دەبێتەوە.

لەگەڵ ئەوانەشدا بەرپرسی ستادی بەرنگاربوونەوە دژ بە ماددە هۆشبەرەکان ئیدیعا دەکا تەنیا لە سەدا ۴ هەتا ۵ی کۆی گشتی تووشبووانی وڵات ژنان بن و ڕەوتی پەرەسەندنی ڕێژەی گیرۆدەیی ژنان بە ماددەی هۆشبەر لە ساڵی ۹۰ی هەتاوییەوە ڕاوەستاوە. پاڵ بە پاڵی شاردنەوەی ئامارە ڕاستەقینەکان، هەندێکی دی لە بەرپرسان دەستەواژەی “ژنانەبوونی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان”یان وەکوو ئاگاکەرەوەیەکی مەترسیدار بۆ کۆمەڵگە بەکار دێنن. دەستەواژەیەک کە لەم ساڵانی دواییدا زۆر بە کار هاتووە و لە ڕوانینێکی ڕەگەزی بۆ کێشەی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سەرچاوە دەگرێ. بەڵام کارناسانی ئەم بوارە و چالاکانی مەدەنی لەسەر ئەم باوەڕەن کە حاشاکردن لە ئاماری ڕاستەقینە و بەکارهێنانی دەستەواژەی “ژنانەبوونی گیرۆدەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان” بیرۆکەیەکی زاڵکەرانەی لە پشتە کە جیاوازییە ڕەگەزایەتییەکان زەق دەکاتەوە و ڕێگە بە پێشگرتن لە تووشبوونی ژنان و گەڕانەوەیان لەو خەسارە کۆمەڵایەتییە دەگرێ. چونکە ئەم شێوە ڕوانینە لە بیروبۆچوونی پیاوسالارانەوە هەڵدەقوڵێ و کەسی گیرۆدە لە زەلکاوی وێرانبوونیش‌دا دەکاتە قوربانیی هەڵاواردن و دەرفەتی چاک‌بوونەوە و گەڕانەوەی بۆ نێو کۆمەڵگە و بنەماڵەکەی لێ زەوت دەکا.

 

ئاماری ناڕوون و دژبەیەکی ژنانی توشبوو

بەپێی توێژینەوەیەک لە ستادی بەربەرەکانی دژ بە ماددە هۆشبەرەکان لە ساڵی ١٣٩٠ کردوویەتی، نزیک بە ۴ میلیۆن کەس لە خەڵکی نێوخۆی وڵات ئالوودە بە ماددەی هۆشبەرن کە بەشێک لەوان بەردەوام و بەشێکیشیان جارجارە و بۆ ڕابواردن ڕوو دەکەنە ماددەی هۆشبەر. سەرۆک‌کۆماری ئەوکاتی ئێران کە بەپێی بەرپرسایەتییەکەی سەرۆکی ستادی بەرەنگاربوونەوە دژ بە ماددە هۆشبەرەکانیشە، ئیزنی نەدا ئامارە ڕاستەقینەکە بڵاو ببێتەوە و ئەوەی ڕاگەیەندرا تەنیا ئەوەندە بوو کە ئەو حەشیمەتە نیزیک بە ۷۵۰ تا ۸۰۰ هەزار کەسن.

گەرچی لە ساڵانی دوایی‌دا ئامارسازیی دەوڵەتی نۆیەم سەبارەت بە حەشیمەتی گیرۆدەبووان لەقاو درا، بەڵام ڕەوتی بڵاوبوونەوەی ئاماری هەڵە لە دەوڵەتەکانی دواتریش‌دا هەر درێژەی هەبوو، بە جۆرێک کە دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ لەو کاتەوە ئاماری ئەوانەی هەمیشەیی ماددەی هۆشبەر دەکێشن لەگەڵ ئەوانەی جاروبار ڕووی تێ دەکەن، هەر لە دەوروبەری ۴ میلیون کەسە.

ئیدیعای بەرپرسان سەبارەت بە جێگیربوونی ئاماری تووشبووان لە سنووری ۴ میلیون کەس‌ لەحاڵێک‌دایە کە توێژینەوەکان باس لە بەرزبوونەوەی لە سەتا ۸ی تووشبووان دەکەن و بەرپرسانی ڕێژیمیش بۆخۆیان دان بە هەڵکشانی لە سەدا ۴ تا ۵ی گیرۆدەبوواندا دەنێن.

حاشاکردنی بەرپرسان لەبارەی ئاماری گیرۆدەبووان کاتێک کە دەگاتە ژنان دوو قات دەبێ و لەگەڵ ئەوەی کارناسان و تەنانەت هەندێک لە نوێنەرانی مەجلیس نیگەرانیی خۆیان لە دوو هیندە بەرزبوونەوەی حەشیمەتی ژنانی موعتاد دەربڕیوە، بەڵام ستادی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان سوورە لەسەر ئەوەی ڕەوتی پەرەسەندنی ئاماری ژنانی توشبوو ڕاوەستاوە. بەڵام ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی لە ماوەی ۱۵ ساڵی ڕابردوودا کراون، ئەو ڕاستییە دەر دەخا کە ئاماری ژنانی گیرۆدە نە تەنیا کەمی نەکردووە بەڵکوو دوو قاتیش بەرزتر بووە. یەک لەم توێژینەوانە لەژێر ناوی “خوێندنەوەی دیاردەناسانەی بەستێنەکانی تووشبوونی ژنان بە ماددەی هۆشبەر” کە لە ساڵی ۹۸ی هەتاویدا بڵاو بووەتەوە، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی ستادی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەری دەخا کە ژنانی تووشبوو سەدا ۱۰ی حەشیمەتی گیرۆدەبووانی وڵات پێک‌دێنن.

چەواشەکردنی ئاماری تووشبووانی ژن و حاشاکردن لە هەڵکشانی گیرۆدەبووانی ژن لەلایەن بەرپرسانی وڵاتەوە کاردانەوەی زۆر لە نوێنەران و کارناسانی لێ کەوتووەتەوە. بۆ نموونە ساڵی ۹۶ی هەتاوی زارا ساعی، نوێنەری مەجلیس گوتی: “لەبەر ئەوەی ناشیرینیی تووشبوونی ژنان بە ئێعتیاد لە کۆمەڵگەدا زەق و بەرچاوە نەک ئامارێکی دروست لە گیرۆدەبووان بڵاو نابێتەوە، بەڵکوو کەمپەکانی چارەسەر و وازهێنانی ژنان لە ئێعتیادیش گرینگییەکی ئەوتۆ بە ژنان نادەن و لە گەڕاندنەوەی ئەوان بۆ کۆمەڵگەدا سەرکەوتوو نەبوون. هەربۆیەش بڕی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لەنێو ئەو ژنانەدا و دیسان تێوەگلانەوەیان ڕوو لە هەڵکشان بووە.”

 

ژنانی گیرۆدە و ڕوانگەی کۆمەڵگەی پیاوسالار

یک لە هۆکارەکانی شاردنەوە و چەواشەکردنی ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییانی ماددەی هۆشبەر لە وڵات‌ ئەوەیە کە سیاسەتی چەوت، شکست‌خواردوو، و ناکارامەی حکوومەت بە سەرکەوتوو پیشان بدەن. بەڵام بەراوەژوونیشاندنی ئاماری ژنانی تووشبو هۆکاری گرینگتری هەیە و ئەویش ئەو ڕۆڵ و ئەرکە ڕۆتینە کە کۆمەڵگە بۆ ژنی دیاری کردووە. لەو پێکهاتەیەدا ژن کەسایەتیی سەربەخۆ و خاوەن مافی مرۆیی نییە و بە لەبەرچاوگرتنی پێ‌سپاردنی ڕۆڵی دووهەمی ژیان بەو، ئەو دەبێ داوێن‌پاک و، کچ و دایک و ژنێکی نموونە بێت. هەروەها چونکی گیرۆدەیی ژنان بە مانای بەزاندنی هێڵە سوورەکانی بیری خۆبەخاوەن‌زانین و دەسەڵات‌خوازی و دەرچوون لە قۆناغی داوێن‌پاکییە، ئامارە ڕاستەقینەکان شاراوە دەمێننەوە. بڵاوکردنەوەی ئاماری دژبەیەک و جیاواز و جۆراوجۆریش تەعبیر لە بەرپرسایەتیی ناکارامەی دام‌ودەزگا حکوومەتییەکان دەدا، بەڵام سەرەڕای سیاسەتی حاشا و شاردنەوە توێژینەوە و بەدواداچوونە مەیدانییەکان دەیسەلمێنن کە ئاماری ژنانی تووشبوو بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە. خۆ ئەگەر ئەگەر توێژینەوەکانی ساڵی ۹۰ بە بنەما وەرگرین کە باس لە بوونی ۴ میلیۆن گیرۆدەبووی ماددەی هۆشبەر دەکەن و ئەو گەشە سەدا ۸ی کە کارناسان باسی لێ دەکەن لە بەرچاو بگرین، بەو پێیە ئێستا زیاتر لە حەوت میلیۆن کەس لە ئێران تووشبووی جۆرەها ماددەی هۆشبەرن و، لەوەڕا کە گوترا ژنان سەدا ۱۰ی حەشیمەتی موعتادەکانی وڵات پێک دێنن، کەوابوو بەو ئاکامە دەگەین کە نزیک بە ۷۰۰ هەزار کەس لە ژنانی وڵات گیرۆددەی ڕاستەوخۆی ماددە هۆشبەرەکانن.

زۆربوونی ئاماری ئەو کچانەی لە ماڵ ڕا دەکەن، هاتنە دنیای هەزاران منداڵی ساوا کە بە گیرۆدەیی لەدایک‌ دەبن، ئینتیمای کچانی قوتابی و خوێندکار بۆ لای ماددەی هۆشبەری وەکوو “گوڵ” و “شیشە”، پێوەندیی سەتا ۵۰ی ژنانی بەندکراو بە ماددەی هۆشبەر، زیادبوونی ژنانی بێ خانەولان و کارتۆن خەو لەو ساڵانی دواییدا و هەروەها ژنانی تووشبوو بە ئایدز، هەموو ئاماژەیەکن بە زیادبوونی ئاماری ژنانی گیرۆدە بە ماددەی هۆشبەر.

گیرۆدەبوون بە ماددەی هۆشبەر قەیرانێکی فرەهۆکارە کە ڕەهەندی جۆراوجۆری هەیە و هۆکارەکانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی جیاوازە. لە هەژاری و نەدارییەوە بگرە تا کێشە دەروونییەکان و کاریگەری و کارتێکەریی دەورووبەر کە لە ڕاکێشرانی کەسێک بۆ لای ماددەی هۆشبەردا دەور دەبینن. ئاکامی توێژینەوە زانستییەکان لەو ساڵانەدا دەریان خستووە کە مەیلی ژنان بۆ کێشان و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری سەنعەتی ڕوو لە هەڵکشانە. ئەو ژنانەی کە گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر دەبن بە بەراوەرد لەگەڵ پیاوان‌ لە تەمەنێکی کەمترەوە دەست پێ دەکەن و ئەو کچانەی وا دەکەونە داوەوە سەرەتا وەکوو “تێستێر= تاقیکەرەوە” دەست پێ دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە خێرایی لایەنی وێرانی و داڕماندنی ئێعتیاد لە ژناندا چەند هێندەی پیاوانە.

 

قوربانییەکانی هەڵاواردن لە زەلکاوی وێرانی‌دا

ژنانی گیرۆدەی داوی ماددەی هۆشبەر، قوربانیی ڕاستەقینەی نایەکسانیی ڕەگەزایەتین کە دۆخی تووشبوونیان و دواتر چابوونەوە و گەڕانەوەیان بە هۆی کڵێشە جینسییەتییەکان و دەمارگرژیی سیاسی لە بازنەی سەرکەوتن دەترازێ. یەکێک لەو دەستەواژانەی کە لە ساڵانی دواییدا زۆرکەڵکی لێ وەرگیراوە، “ژنانەبوونی گیرۆدەیی”ییە. دەستەواژەیەک کە هەڵقوڵاوی بیری پیاوسالارانەیە و وەک چۆن “ڕۆیا نووری”، کۆمەڵناس دەڵێ، ئاوێتەی ڕوانگەیەکی سیاسییە: “ئەگەر بمانەوێ بە ڕوانینێکی سیاسی چاو لەم بابەتە بکەین ناتوانین چارەسەرێکی گونجاوی باش بۆ بدۆزینەوە. زۆر  خراپ بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر خەسار و قەیرانێکی نێونەتەوەییە کە دانان و جێکردنەوەی لە کڵێشەگەلیکی ڕەگەزی وەک ئەوەی “تەنیا پیاوەکان گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر دەبن” دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی ڕێگای ڕزگاری لەو داوە بۆ ژنان.” ئەم کۆمەڵناسە و کارناسانی دیکەش پێیان‌وایە حاشاکردن لە تووشبوونی ژنان بە ماددەی هۆشبەر ناتوانێ ڕێگا چارەیەکی باش بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بێت.

لەگەڵ ئەوەی کە گیرۆدە بوونی ژنان دەتوانێ دەرگای زۆر خەساری کۆمەڵایەتیی دیکە وەکوو لەشفرۆشیی لەبەردەم‌دا بکاتەوە و گرینگە لەو پێناوەدا هەوڵی کارساز و بنیاتنەرانە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ژیانی ئاسایی بدرێ؛ کەچی هەتا ئێستاس حاشا لە ئینتیما ژنان بۆ لای ماددەی هۆشبەر دەکرێ و بەرنامەیەکی بەڕێ‌وجێ بۆ پێشگرتن لە گیرۆدەبوون و دەرمانی ژنانی تووشبو لەئارادا نییە و کەڵک‌وەرگرتن لەو چارەسەرانەی بۆ پیاوان ڕەچاو دەکرێ بە هۆکاری جۆراوجۆر کە یەکیان جیاوازیی بیۆلۆژیکیە، لە ژناندا کاریگەر نییە.

هەڵاواردنی ڕەگەزی وەک برینێکی هەمیشە تەشەنابوویە کە لە زەلکاوی وێرانیدا ڕوحی ژنانی گیرۆدەبووی ماددەی هۆشبەر دەهاڕێ. ئەو هەڵاواردنانەی بە حاشاکردن لە تووشبوونی ئەوان دەست پێ دەکا و بە لاتاو و ناونیتکەدا تێ دەپەڕێ و هەتا کۆتایی تەمەن درێژەی دەبێ و دەرفەت و توانای چابوونەوە و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگەیان لێ زەوت دەکا.

تابۆ کولتووری و ئایینییەکان، ڕوانگە و بیری چەقبەستوو، نەبوونی پەروەردەی گونجاو و ناوشیاریی کۆمەڵگە و بەسیاسی‌کردنی بابەتەکە پرسی دەرمان و چارەسەری گیرۆدەیی ژنان بە ماددەی هۆشبەری ئەستەم کردووە و وای‌کردووە کە ژنانی گیرۆدەبوو تەنانەت دوای چاکبوونەوەشیان دەرفەتی گەڕانەوە بۆ کەشی خێزانیشیان نەمێنێ. ئەو تانە و تەشەر و ناو و ناتۆرانەی دەدرێتە نێوچاوانی ژنانی گیرۆدە لە تەنیشت خەمساردی و نابەرپرسیارەتیی کاربەدەستان نایەڵێ ئەم زامە لە ژنانی موعتاددا قەتماغە ببەستێ و دەبێتە هۆی خەساری چەندقات کە کۆمەڵگە لەگەڵ خۆی بەرەو هەڵدێر و لێک‌ترازان دەبات.

***

. سایە ڕەحیمی، هیوا بابایی کردوویەتی بە کوردی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *