۲۱ی گوڵانی ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

چوار هاونیشتمانی له مەریوان دەسبەسەر کران

چاونیوز: چوار هاونیشتمانی گەڕەکی “دارسەیران”ـی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز(ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان)، پاش ناڕەزایەتیی دەربڕینی خەڵکی مەریوان بە هێرشی سەلەفییەکان لەو شارە و برینداربوونی دوو هاووڵاتیی بە چەقۆ و شمشێر لە لایەن ئەو گرووپە ئیسلامییەوە، ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی چوار کەسیان دەسبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە چاونیوزی راگەیاند: شەوی دووشەممە ١٣ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری مەریوان چوار کەسیان بە ناوەکانی “کەژوان فەیزی، فواد فەیزی، ئاکۆ چاوکی و شێرکۆ سۆهرابی” لە چوارڕای “بایەوە”ی ئەو شارە دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: ئەو چوار هاونیشتمانییە خەڵکی گەڕەکی “دارسەیران”ـی کۆنی مەریوانن و بە هۆی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە هێرشی سەلەفییەکان بۆسەر ئەو گەڕەکە و بریندارکردنی دوو هاونیشتمانی ئاسایی لەلایەن ئەو گرووپە ئیسلامییەوە، دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١١ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی، گرووپێک لە سەلەفییەکانی مەریوان بە پشتیوانی و هاوکاری هێزەکانی سپای پاسداران بە چەقۆ وشمشێرهێرشیان کردە سەر ماڵی هاونیشتمانیان لە گەڕەکی دارسەیران و دوو کەسیان بریندار کرد کە دۆخی تەندرووستیی یەکیان ناجێگیرە.

خەڵکی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی بەدژی هێرشی سەلەفییەکانی ئەو شارە، لە گەڕەکی دارسەیران کۆ بوونەوە و هەڕەشی بەرەنگاربوونەوەیان لە گەڵ هەر کەس و لایەنێکدا کردبوو کە بیهەوێ شارستانییەتی مەریوان تێکبدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *