۳۰ی خاکەلێوەی ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

وانەکانی مافی مرۆڤ بەشی (٢٦) شاروخ حەسەنزادە

چاونیوز: درێژەی بەشی بیست و پێنج…

گروپی دووهەم بەپێچەوانەی دەستەی یەکەم لەسەر ئەو باوەڕەن کە مافەکانی مرۆڤ و ئیسلام سەتاسەد دەگەڵ یەکتر دژایەتیان هەیە، ئەم تاقمە پێیان وایە کە ئیسلام و بە گشتی دینە ئیبراهیمییەکان(سامییەکان) خواتەوەرن، ڕێک بە پێچەوانەی یاسا و ڕێسای مافەکانی مرۆڤ کە ئینسان تەوەرە و لەسەر بناخەی مرۆڤ و پرەنسیپە ئینسانییەکان ڕۆنراوە. دەستەی سێهەمیش پێی وایە، لە نێوان دوو مژاری مافەکانی مرۆڤ و ئۆلە سامییەکان بە تایبەت ئایینی ئیسلام هاوبەشی و وێکچوونی زۆر دەبینرێ و لە بەستێنی پراگماتیک دا دەتوانن دەگەڵ یەکتر تەحامولیان هەبێ و پێکەوە تەبا بن.
ڕەنگبێ روانگەی سێهەم زۆرتر لە ڕاستی نزیک بێ، جا نەک هەر ئیسلام بەڵکوو سەرجەم ئایینەکان کە تێدا خوای تاک ڕۆڵی سەرەکی هەیە، کاریگەرییان لەسەر جێکەوتنی بایەخەکانی مافەیلی بنیام هەیە، هەروەها مافەکانی مرۆڤ بەرهەمی ژیار و شارستانیەتی مرۆڤایەتییە و ناکرێ تەنیا بۆ کلتوورێکی تایبەت نزم و بچووکی بکەیەوە.
هەڵبەت لە هیندێک شوێن درووشم جێگای بایەخە دینییەکان دەگرێتەوە و تەنانەت کەون بوونی ڕوانینی دوگم و چەق بەستوو دەبێتە سنووری نێوان مافەکانی مرۆڤە سەردەم و ڕوانینە ئایینییەکان، بۆ میناک، یاسای سزای ئیسلامی، یان هەر سزایەک کە بە نێرینی ئۆلەکان ڕۆنرابێ، گرتن، سێدارە، ئەشکەنجە، کوشتن و… بەشێکن لەو تەوفیرییانەی نێوان ڕوانینی هیومانیستی و دینی. لە هەندێک سیستەمە حقوقییەکان بەتایبەت لە وڵاتانی ئیسلامی بە ڕوانینێکی گشتی، ڕەهاگەری و پاوانکاری ئایینی، بەبێ نرخی دەڕوانێتە دینە نافەرمییەکان، بەجۆرێکی تر لە مافەیلی بەشەری جیهانی، بنەما لەسەر ڕێکەوتن و چارەسەری کێشەکان بە دان پێدانانی هەڵوێستی جوداوازە، بەڵام لە سیستەمی ئۆلی پاوانکار بنەما لەسەر سەپاندنی بیروبۆچوون یان زۆرەملی هەڵچندراوە. لەم نێوە حەوت ئایینی مەزنی دنیا(ئایینی هیندوویی، بوودایی، کۆنفۆسیووس، تائۆ، جوولەکە، کریستیان و ئیسلام) گرنگی زیاتریان هەیە و لەم نێوە ئایینی ئیسلام و کریستیان بە درێژایی مێژوو وەک دوو دینی جیهان داگر زیاتر لەوانەی دیکە قۆرغخواز و پاوانکار بوونە. لە چاخی ڕێنسانس دا هەتا ڕادەیەکی زۆر کریستیان خۆی لەو ڕەوشە دەرباز کرد و بە کەڵک وەرگرتن لە بیر و ئەندێشەی پڕ کاریگەری زانایان خۆی مەڵاس دا و تەنانەت مافەکانی جیهانی مرۆڤ لەنێو ئاپۆڕەی لایەنگرانی کریستیان سەریهەڵدا و لەبەرامبەریش دا لە ولاتێکی وەکوو ئێران بە جێگای کردنەوەی دەرگا بەرەوڕووی جیهانی کراوەی مافی مرۆڤ تێرمی “مافی مرۆڤی ئیسلامی” وەک چەمکێکی ناشاز دەرکەوت…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *