۱۰ی رەشەمەی ساڵی ۱۳۹۹ ھەتاوی
آموزش وردپرس

د. مستەفا ئیلخانی‌زادە لە بۆکان دەسبەسەر کرا

چاونیوز: د. مستەفا ئیلخانی‌زادە، نووسەر، وەرگێڕ و بەرپرسی “فێرگەی زمانی کوردی و ئەدەبییاتی منداڵانی ئەدەب” لە شاری بۆکان دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز، هێزە لیباس شەخسییەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە شاری بۆکان بەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ۷ی ڕێبەندان هەڵیان‌کوتاوەتە سەر ماڵی د. مستەفا ئیلخانی‌‌زادە و بەبێ حوکمی پشکنین و دەسبەسەرکردن، ناوبراویان گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە. هاوکات چوونەتە شوێنی کارەکەی و دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی شەخسیی ناوبراو و کۆمەلێک لە نووسینەکانی داگرتووە.
د. مستەفا ئیلخانی‌زادە ماوەیەک لەوەپێش لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا ڕەخنەی لە بەتاڵان‌بردنی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان و مەترسیی شوینیزمی تورک و پیلانە مەترسیدارەکانی پان تورکیستەکان بە هاوکاریی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان‌دا گرتبوو. ناوبراو لەو نامەیەدا تیشکی خستبووە سەر ئەوەی هەم لە ڕێگەی سەردان و نووسینی نامەوە بۆ نوێنەرانی کورد لە مەجلیس و کاربەدەستانی ئیداری بۆکان و شارەکانی دیکەی کوردستان چەندین جار داوای پێڕاگەیشتن بەو کێشانەی کردووە، بەڵام یان بەهۆی هاوبەشیی کاربەدەستان لەو بەرنامانە یان لە سۆنگەی بەرژەوەندییان لە پشتگوێ‌خستنی ئەم بابەتانەدا، وەڵامێکی لێ وەرنەگرتوون.
شایانی باسە فێرگەی زمانی کوردی و ئەدەبییاتی منداڵانی ئەدەب کە ڕێکخراوەیەکی کولتووریی شاری بۆکانە و تا ئێستا دەیان کۆرسی خوێندنی زمانی کوردی و پڕۆژەی کردنەوەی کتێبخانەی لە گوندەکانی ئەم ناوچەیەدا بەڕێوە بردووە، لە تازەترین چالاکیی خۆیدا بەبۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە بردبوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *