چاونیوز: درێژەی بەشی بیست و سێ…
مافەکانی مرۆڤ لە کۆمەڵگا جیاوازەکان
یەکەمین خاڵ لەباسی مافەکانی مرۆڤ، کە پێویستی بە بیرهێنانەوەیە ئەوەیە، تاکەکان کە لە کۆماڵگا جیاوازەکان دا دەژین سەربە شایستەیی سیستەمی حقوقی جۆربەجۆرن؛ کە دەستەڵاتی بەسەر پێوەندی کۆمەڵایەتی ئەوان دا هەیە و ماف و ئەرکی ئەوان دیاری دەکات. بە نێرینێکی تر مرۆڤەکان کۆمەڵیک مافی جۆراوجۆر لە بەستێنی هەمەڕەنگیان هەیە: لە مافی کەسی بگرە هەتا مافەکانی بنەماڵە و خێزان، مافی مەدەنی و … . کام یەک لەم مافانە بۆ پلە و پایەی مافی مرۆڤ بەرز دەکرێتەوە؟ئایا سەرجەم ئەم مافانە وەک بەشێک لە مافەکانی مرۆڤ دەژمێردرێن؟ بەدڵنیایەوە شتی وانییە، چوونکە بۆ میناک، مافی هەڵوەشاندنەوەی سەودا کە بە هۆکارگەلێک بە لایەنەکانی مامەلە دراوە، وەک بەشێک لە مافی مرۆڤ ناژمێردرێ. کەوابوو مڵک و پێوەری ئەوەیکە مافێک دەکەوێتە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ کامانەن؟
هاسانترین بەرسڤ بۆ ئەم پرسیارە، مافەکانی مرۆڤ ئەو دەستە لەو مافانەن کە ئینسان بە هۆی مرۆڤ بوون و بەدەر لە ڕەوش و دۆخی بگۆڕی کۆمەڵایەتی یان ڕادەی لێهاتوویی و شیاوی تاکی ئەو، لێێ بەهرەمەندە. وڵامە گریمانەکە بەم جۆرەیە کە زنجیرەیەک لە نۆرم و بەهاکان، بنەما و مافێک بوونی هەیە کە لایەنی جیهانی بوونی هەیە(جیهان داگرە) و سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگای جیهانیش متمانەی پێدەکەن و دانیان پێداناوە، چوونکە هەموو مرۆڤێک لەبەر ئینسان بوونی خاوەن ماف گەلێکن کە هیچ حکومەت یان کۆمەڵگایەک ناتوانێ دانیان پێدا نەنێ. هەربۆیە لە پێناسەی مافەکانی مرۆڤ گوتوویانە: مافی مرۆڤ بە مانای هەڤیازی(امتیاز) گشتییە کە هەموو تاکێکی ئینسانی خاوەنیەتی”. ئەم پێناسەیە نەک هەر کێشەکە چارەسەر ناکات بەڵکوو گرفت و ناڕوونییەکان زیاتر دەکات.
بۆ میناک، کامە ماف، خودی مرۆڤانەیە و کێ ئەوە دیاری دەکات؟ لەلایەکی تر ئایا دەکرێ مرۆڤ بەشێوەی دەرهەست و ئەبستراکت، سەربەخۆ لە کۆمەڵگا و ڕەوش و دۆخی کۆمەڵایەتی، کلتووری و ئابووری ژینگەی ئەو، خاوەن ئەو مافە بێ؟
بۆچوونی پشت ئەستوور بە گرنگایەتی، ئاکار و جیهان داگری
بەشێک لە توێژەران، مافەکانی مرۆڤ وەک مافێک دادەنێن کە خاوەن “گرنگایەتی”یە، مافێک کە ئەخلاقییە و مافگەلێک کە “جیهان داگرە”، کاتێک کە دەڵێین، مافێک وەها گرنگایەتییەکی هەیە کە بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ، مەبەستی ئێمە لە گرنگایەتی چییە؟ ئایا بایەخی ناخیی ئەو مافەیە؟ بایەخ و گرنگایەتی کەرەسەیی ئەوە؟ بایەخەکەی لە کۆمەڵە و نیشان دانی مافە؟ گرنگایەتی ئەو مافە لەم سۆنگەیەوەیە کە ئیتر لەبەرچاوگرتن ناتوانێ ئەو مافە بخاتە ژێر کاریگەری خۆی؟ یان گرنگایەتییەکەی وەک کۆڵەکەیەکی پێکهاتەیی(ساختاری) لە سیستەمی ژیان بەختەوەر دەبێ؟