بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، سێ هاونیشتمانی خەڵکی شارەکانی پیرانشار، سەقز و ڕوانسەر لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
ڕۆژی سێ شەممە ٣٠ی بەفرانباری ٩٩، هاونیشتمانییەکی خەڵکی پیرانشار بەناوی شۆرش ئەحمەدی لە سێ ڕێیانی میاندواو لەلایەن هێزێکی ئەمنییەتی قۆڵبەست کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا.
لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی شەممە ٤ی ڕێبەندان هاونیشتمانییەکی خەڵکی سەقز بەناوی ئەفشین ئیلاهی بەبێ هیچ بەڵگەیەکی ڕوون لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.
هەروەها، ڕۆژی پێنج شەممە ٢ی ڕێبەندان پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای نەجەفی ئەشەرفی هێزە زەوینییەکانی سپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا، باسی لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی “سەرکەوت ئەحمەدی” خەڵکی شاری ڕوانسەر کرد، کە بە قسەی ئەوان، دەستی هەبووە لە کوژرانی ئەندامێکی پۆلیسی هاتووچۆ.