بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ڕۆژی سێ شەممە ٩ی بەفرانباری ١٣٩٩، هێزێکی زۆری نیزامی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرش دەکەنە سەر ئاوایی گۆڕەشێر سەر بە شاری سەردەشت و بە بێ ڕێزی کردن و هەڕەشە و دەست بەسەرداگرتنی مەڕوماڵاتی خەڵک پێیان ڕاگەیاندوون کە دەبێ لە ماوەی دە ڕۆژدا ئەم ئاواییە چۆل بکەن.
سەرچاوەیەک لەم بارەیەوە بە چاونیوزی ڕاگەیاند، دوای ئەوەیکە هێزێکی زۆری نیزامی هێرشی کردە سەر ئاوایی گۆڕەشێر و بە زۆرەملێ دەیان سەر مەڕو ماڵاتی خەڵکی دەست بەسەرداگرت، خەڵکی ئاوایی بە تێکڕا بەرەنگاریان بوونەوە و توانیان چەند سەر ماڵاتێکیان لێ بستێننەوە، لە ئاکامدا هێزە نیزامییەکە هەڕەشەی ئەوەیان لە خەڵک کردووە کە دەبێ لە ماوەی دە ڕۆژدا ئەو ئاواییە چۆل بکەن.
شایانە باسە کە چوار مانگ لەمەوبەر ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندبوو: بەپێی زانیارییەکانی چاونیوز لە سەرچاوەی جێ باوەڕی ناوخۆ، هێزە نیزامییەکان دەیانهەوێ کە ڕادەیەکی زۆرتر لە ئاواییەکان بە هۆکاری سیاسی ئەمنییەتی چۆل بکرێن بەڵام لە کاتی ئێستادا ئەو شەش ئاواییە بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندراوە، کە بریتین لە:
ئاشکانی خوارێ، کاگێ، هەرزنێ. تەهێت، گۆڕەشێر و نۆکان
جێگای ئاماژەیە، هەتا ئێستا خەڵکی ئەو ئاواییانە بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبوونە کە شوێنی ژیان و ماڵ و حاڵیان چۆل بکەن.