چاونیوز: دەسبەسەرکراوێکی کورد دوای لێپرسینەوەی لە ئیدارەی ئیتلاعات بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ گوازرایەوە.
چاونیوز، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئاوایی شاوانێ سەربە شاری شنۆ بەناوی جەمشید حەمیدی ناسراو بە مەلا جەمشید، دوای ٦٤ ڕۆژ لێپرسینەوەی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە گوازرایەوە.
ناوبراو ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی ڕەزبەری ئەمساڵ بە تۆمەتی هاوکاری دەگەڵ حیزبێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە لە ماڵەکەی خۆی قۆڵبەست کرابوو و بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە لە ورمێ گوازرابۆوە.
مەلا جەمشید لە ماوەی زیاتر لە دوومانگ ڕاگرتن و لێپرسینەوەیدا نەیتوانیبوو چاوی بە کەسوکاری خۆی بکەوێت و تەنانەت مافی ئەوەشیان پێنەدابوو کە پارێزەر بۆخۆی دەست نیشان بکا.