چاونیوز: دیاردەی هەناردە و هاوردەی قاچاخ لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سیستمی ئیداری و ماڵیی ئەو وڵاتەدا ئاسایی و یاساییە.
داوود گوودەرزی بەرپرسی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی ئابووریی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە کە بەپێی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران کە لە ساڵی ٩٦ و ٩٧ ئەنجام درا، سەتا ٩٥ی ڕێژەی قاچاخی ئێران لە ڕێگەی خاڵە سنووەرییەکانەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها سەتا ٣٥ی ڕێژەی هاوردەکردن بۆ ئێران لە قاچاخ پێک هاتووە.
داود گودەرزی دەڵێ: بەڕێوەبردنی یاسای ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخ، بە ئاشکرا وەلا نراوە و کاری پێناکرێ، ئەو کەسانەی کە ئەو یاسایەیان بەڕێوە نەبردووە جینایەتکارن.
ناوبراو باسی لەوە کردووە کە دەزگای دادوەری تەنیا توانیویەتی بەدواداچوون بۆ سەتا یەکی ڕێژەی ئەو قاچاخانە بکات و ڕەوتی دادگاییەکەی تێپەڕێنێت.
بەرپرسی ناوەندی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەندەڵیی ئابووریی ڕێژیم، ئەوەشی خستەڕوو کە بایەخی ماڵیی ئەو قاچاخانە لە ساڵێکدا دەگاتە ٢١ و نیو تا ٢٥ و نیو میلیارد دۆلار، لە حاڵێکدا ڕێژەی هەناردەکردنی ئێران لە ساڵی ٩٧دا ٤٠ میلیارد دۆلار بووە.
جێی ئاماژەیە کە، ساڵانە بە سەدان میلیارد دۆلار کاڵا لەلایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە لە سنوورە فەرمییەکانی ئەو وڵاتەوە بە شێوەی قاچاخ هاوردە دەکرێت، کەچی بە بڕیاری کاربەدەستان و هێزە چەکدارەکانی ئەو ڕێژیمە ڕۆژانە کۆڵبەرانی کورد بە تاوانی قاچاخکردنی کەلوپەلێکی سووک و بێبایەخ دەکوژرێن.