چاونیوز: درێژەی بەشی شازدە…
٢.دادپەروەری بریتییە لە هەڵسووکەوت دەگەڵ خەڵک وەک تاکێکی بەرانبەر. خاڵی سەرەکی لەم پێناسەیەدا بەرانبەری و یەکسانی تاکەکانی کۆمەڵگایە. هەرکەسێک دەگەڵ کەسێکی تر بەبێ لەبەرچاو گرتنی ڕەگەز، خوێن، جۆری باوەڕە ئۆلییەکانی و چینی کۆمەڵایەتی وەک یەک و بەرانبەر دەزانرێ و هەوڵ دەدرێ بۆ دەست وێڕاگەیشتن بە دەرفەتەکان، وەک شیاوبوون بەشێوەیەکی یەکسان بخرێتە دەستیان و ئەگە نەکەوتە دەستیشیان دابەشکاری قازانج و زەرەر بەپێی شیاوبوونی نادادپەروەرانە دەژمێردرێ. بەم جۆرە سیاسەتی قەرەبووکردنەوە(واتە دانی ئیمتیازی تایبەت بەو گروپانەی کە لە ڕابردوودا دەستیان بەو دەرفەتانەی وەک خوێندن، کار، پێگەی کۆمەڵایەتی و… کە کاریگەری لەسەر ژیانێکی پڕلە ئاسوودەیی هەیە، نەرەخساوە یان نەیانبووە)، ئەم دیاردەیە بە دادپەروەری قەرەبووکراو یان هاڵاواردنی ئەرێنیش(تبعیض مثبت) ناو دەبردرێت. لەم شێوازەدا سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگا تەنانەت ئەوانەی لە ڕووی جەستەییەوەش کەم ئەندامن یان توانای جەستەییان لاوازە، کاتێک لەو دەرفەتانە بەشێوەی بەرانبەر کەڵک وەرگیرێ، کە شوینگەی بەرانبەر دەگەڵ ئەوەی تر و ژیانیێکی باش یارمەتی بکات بەپێویست دەژمێردرێت.
٣.دادپەروەری بریتییە لە، هەڵسووکەوت دەگەڵ خەڵک بەپێی توانایی و پێداویستییەکانی تاک. بەرچاوترین پێناسە لە دادپەروەری لەم شێوە بۆچوونە، بیرۆکری مارکسیستییە کە هەرکەس بە قەرا تواناییەکانی کار بکا و بە پێی پێویستییەکانی بیدرێتێ. هەڵبەت ئەوەیکە لە هەڵسووکەت دەگەڵ ئەوانەی تر توانایی و پێداویستییەکانی لەبەرچاو بگیرێ لە پێویستییەکانی بنەواشەی چاکەکارییە، چوونکە ئەم بنەواشەیە دەخوازێ کە ئێمە باوەڕ بە خۆشبەختی خەڵکانی تر بکەین و ئەمەش بۆ ئەو دەرفەتانە دەگەڕێتەوە کە پێداویستییەکانی ئەو خەڵکانە دابین بکرێ. بەڵام ئایا ئەمە لە بنەواشەکانی دادپەروەرییە؟ لە وڵامی ئەم جۆرە پرسیارانە هەمووکات دەبێ ئەو بنەمایەمان لەبەرچاو بێ کە پێویستی هەڵسووکەوت دەگەڵ خەڵک وەک تاکی بەرانبەر چییە؟ بەو شێوەیە دەتوانین بڵێین گرنگی دان بە خەڵکی کەم ئەندام دەبێتە هۆی ئەوەیکە ئەوانیش وەک خەڵکی تر ببنە خاوەن هەل و دەرفەتی وەک یەک بۆ ژیانێکی ئاسوودە. ئەگە یارمەتی کردن بەڕادەی پێویستییەکانیان و هاوکاری بۆ دەستەبەر کردنی ژیانێکی ئاسوودە پێویست بێ، یارمەتی پێ نەکردنیان ئەمرێکی نادادپەروەرانەیە.
کەوابوو دادپەروەری بە مانای هەڵسووکەوت دەگەڵ مرۆڤ وەک خەڵکی بەرانبەر پێوانەی سەرەکی لە دابەشکاری خێر و قازانجە و بنەمای دادپەروەری و بەرانبەری لە هەڵسووکەوت و ئاکاردایە. هەر بەم جۆرەیە کە بەرانبەری تاکەکان لە ئاست یاسا و لەسەر بەرانبەری تاکەکان لەبۆ دەست وێڕاگەیشتن بە دەرفەتەکان و یارمەتی دانی کەم ئەندامان وەک بنەمای سەرەکی چەمکی دادپەروەری دەژمێردرێ. بەو شرۆڤەیە کە لە عیداڵەت هەمانبوو، دەگەینە ئەو باوەڕە کە دادپەروەری راستەقینە و ڕاستێتی مافی مرۆڤ، بەرانبەری و یەکسانی مرۆڤەکانی بەبێ هیچ جیاوازییەک لا گرنگە نەک هیچ شتێکی تر.