بە گوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز: ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ١٣٩٩، هێزە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە بیانووی دەسبەسەرکردنی بکەرانی کوشتنی موحسێن فەخریزادە، هەڵ دەکوتنەسەر بنکە و شوێنی حەسانەوەی کۆڵبەران لە سنورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان لە شاری بانە.
سەرچاویەک لەم بارەیەوە بە چاونیوزی ڕاگەیاند، هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە یەک کاتدا هێرش دەکەنە سەر چەند شوێنی حەوانەوەی جیاجیای کۆڵبەران و داوایان لێدەکەن کە کارتی پێناسەکانیان ڕادەست بکەن و بە کۆڵبەرەکان دەڵێن کە بکوژانی موحسێن فەخریزادە لە نێو ئێوەدا خۆیان حەشار داوە و دەیانهەوێت لەڕێگەی ئێوەوە و بە هاوکاری ئێوە لە سنوور تێپەڕن.
دوای زەبر و زۆر و لێدانی کۆڵبەران لەلایەن چەکدارانی ڕێژیمەوە، چەند کەسێک لە کۆڵبەرەکان کە کارتی پێناسەیان پێنابێت دەسبەسەر و چاویان دەبەستن و لەگەڵ خۆیان دەیانبەن.
هەربەپیی ئەو سەرچاوەیە؛ تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ئەو دەسبەسەرکراوانە نییە و لەهەمانکاتدا هێرش کراوەتە سەر چەند شوێنی حەوانەوەی دیکەی کۆڵبەران لەو ناوچەیەدا.
جێی ئاماژەیە کە، لە نێو ئەو دەسبەسەرکراوانەدا کە لەلایەن هێزەچەکدارەکانی ڕێژیمی تارانەوە گیراون، هاووڵاتییەکی خەڵکی باشووری کوردستانیشیان لەگەڵدایە.