چاونیوز: لە درێژەی گرتن و قۆڵبەست کردنی هاونیشتمانیان لە پیرانشار، دوو هاونیشتمانی دیکە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی چاونیوز، ڕۆژی پێنج شەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٩، هێزە ئیتلاعاتییەکان دوو کەسی خەڵکی گەڕەکی شیناوێ سەربە شاری پیرانشار بە ناوەکانی سەلیم شوندە و هاشم مرادی دوای ئەوەیکە بانگی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەکرێن دەسبەسەر دەکەن.
هەرلەم پێوەندییەدا، شەوی ۲۸ی گەڵاڕێزانی ۹۹ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار هەڵیان کوتایە سەر ئاوایی چیانە سەر بە شاری پیرانشار و دوو کەس بەناوەکانی زاهیر پەسوپیش و براکەی بەناوی فاروق پەسوپیش دەسبەسەر دەکەن و بۆشوێنێکی نادیار دەگوازنەوە.
ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەریش، شەش کەس بەناوەکانی نەجمەدین سوخەنوەر، شۆرش عەبدوڵڵانژاد، سەلاح ئاجی و ڕەحمان ئاجی خەڵکی ئاوایی گەرگولی سەرێ هەروەها دوو کەسی دیکەی خەڵکی شیناوێ سەر بە شاری پیرانشار بە ناوەکانی عەلی جۆڵا و سمایل حاجی عەبدوڵڵا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.