تازە لاوێکی تەمەن ١٧ساڵی خەڵکی ئاوایی قزقوێپی سەر شاری سایینقەڵا سەر بە ناوچەی هەوشار خۆی کوشت.
رۆژی دووشەممە ٢١ی خاکەلێوە، لاوێکی تەمەن ١٧ساڵ بەناوی شەماڵ شەریفی بە هۆی ئەوەی کیشەی “خێزانی” باس کراوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا ئەوە چوارەمین حاڵەتی خۆکوشتنە کە لە کوردستان تۆمار دەکرێ
بەپێی ئەو ئامارە ناڕەسمییەکان لە ماوەی سێ ساڵدا ١١١ منداڵی ٨ تا تەمەن ١٣ ساڵ لە ئێراندا، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، کە ئەو دیاردەیە لە خەمساردیی بەرپرسانی ڕێژیم لەو پەیوەندییەدا خۆی دەبینێتەوە.
دیارە ئەگەرچی لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە هۆکارەکانی خۆکوژیی ئەو پۆلە لە منداڵان و مێردمنداڵان نەکراوە کە ئەمساڵ و ساڵانی رابردوو کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە، بەڵام روونە کە خەمۆکی، داڵغە دەروونییەکان، هەست بە داماوی و نەبوونی ئەمنیەت وادەکا مرۆڤ بیر لە حەزفی فیزیکیی خۆی لە کۆمهڵگه بکاتەوە.
پەرەسەندنی توندوتیژیی سیستماتیک لە ئێران وایکردوە کە لە سیستمی پەروەردەیی وڵاتیشدا هیچ بەرنامەیەک بۆ دوورکەوتنەوە لە زەبروزەنگ و بەربەرەکانی لەگەڵ ئەو بابەتە نەبێ. ئەویش لە کاتێکدا ساڵانە دەیان ئیعدام بەبەرچاوی منداڵان و لە شوێنی گشتییەکان جێبەجێ دەکرێن و دیمەنەکانی ئێعدام و خۆکوژی بەبەردەوامی لە تیلێڤیزیۆنەکاندا بڵاو دەبنەوە.
مانەوەی هەندێ کلتوور و نەریتی کۆن بە تایبەت لە ناوچە هەژار و پەراوێزنشینەکانی وڵات؛ وەک بەمنداڵی بەشوودانی کچان کە لەلایەن مەلاکانی شیعەشەوە بانگەشەی بۆ دەکرێ، وا دەکا قوربانیان بیر لە خۆدەربازکردن لەو دۆخە بکەنەوە کە خۆکوژیی ئەوانی لێدەکەوێتەوە.