چاونیوز: ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەرمانان، ئەرسەلان هیدایەتی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی قوروە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی خۆی بە زیندانی دیزڵاوای کرماشان ناساند.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە چاونیوز، ئەو چالاکە مەدەنییە شەوێک پێشتر بە بڵاوکردنەوەی فیلمێک لە لاپەڕەی ئینیستاگرامییەکەی خۆیدا ڕایگەیاند کە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی چوار مانگ زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی دیزڵاوای کرماشان دەکرێت.
حوکمی ٣٦ مانگ زیندانیی چوار چالاکی فەرهەنگیی کورد بە ناوەکانی “شەهریار تەهماسبی” خەڵکی کرماشان، “ئەردەشیر موسەوی” خەڵکی کرماشان، “مستەفا باقری ئاشنا” خەڵکی کەنگاوەر و “ئەرسەلان هیدایەتی” خەڵکی قوروە، ١٦ مانگ زیندانیان بەسەر دا سەپاوە.
شایانی باسە کە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر “شارۆخ مورادی” بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی نیزام و پێکهێنانی گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتیی” ئەو حوکمەی بەسەر ئەو چوار چالاکە مەدەنییەدا سەپاند.
جێگای ئاماژەیە ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕی ساڵی ٩٧، “شەهریار تەهماسبی، ئەردەشیر مووسەوی و مستەفا باقری ئاشنا”، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و “ئەرسەلان هیدایەتی” ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕی هەمان ساڵ دەسبەسەر کرا.
شایانی باسە کە لە ماوەی دەسەڵاستداریی دوو ڕێژیمی حاکم بەسەر ئێراندا واتە پاشایەتی و ئاخوندی بەردەوام هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردیی کرماشان و خەڵکەکەی دراوە بەڵام نەک هەر نەیانتوانی پیلانەکەیان جێبەجێ بکەن بەڵکوو ئەو پارێزگایە ئەگەر زیاتر لە پارێزگاکانی دیکەی کوردستان هەستی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی تێدا نەبێ کەمتریش نییە بۆیە ڕێژیم زۆر هەستیارە بە چالاکییە نیشتمانی و کوردییەکانی ئەو پارێزگایە.