۲۷ی خەرمانانی ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

داواکاری بەپەلەی زیاتر لە ۱۰۰ پاریزەری کورد بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی زارا محەمەدی

چاونیوز: سۆهراب رەحمەتی پاریزەر و ڕاوێژکاری فەرمی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆهەڵاتی کوردستان بە چاونیوزی راگەیاند: زیاتر لە ۱۰۰ پاریزەری کورد بۆ هەڵوەشاندنەوەی حوکمی زارا محەمەدی و گوشار هێان بۆسەر سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر ئەم کەیسە، سەرقاڵی پڕۆژەیەکی یاسایی و حقوقین.

سۆهراب ڕەحمەتی لە لێدوانێک دا بۆ چاونیوز دەڵێ: دوای ئەوەیکە لە ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ئەمساڵ حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی کردن بەسەر زارا محەمەدی ماموستای وانەبێژی زمانی کوردی لە ئەنجومەنی نۆژینی سنە داسەپا، هەروەها ئەو شێوازە تۆمەتانەی کە خستیانە پاڵ زارا وایکرد کە بەشێک لە پاریزەرانی دڵسۆز و نیشتمان پەروەری کوردستان هەوڵێک بخەنە گەڕ کە بە شێوەیەکی یاسامەند و بە پێوەرەکانی حقوقی بۆ پشتیوانی لە کەیسی زارا محەمەدی کۆمەڵیک چالاکی بەڕیوەبەرن.

رەحمەتی گوتی: ئەو پاریزەرانە ڕوو لە دامەزراوە و رێکخراوەکانی جیهانی مافی مرۆڤ دەکەن و دەخوازن ئەو ناوەندە دیارانە گووشار بخەنە سەر سیستەمی قەزایی کۆماری ئیسلامی و ئەو حوکمە قورسە هەڵوەشینەوە، هەروها ئامانجی سەرەکی ئەم پارێزەرانە ئەوەیە کە، ئەوان پێیان وایە ئەم کردەوەیەی کۆماری ئیسلامی ئێران نەیەکەم جارە و نە دوامین جاریش دەبێ، بۆیە با هەر لە ئیستاوە ئێمە خەمێک لەم جۆرە حوکمە نادادپەروەرانەیە بخۆین هەتا ڕایەکی تر وا بە هاسانی دەزگای دادی ڕێژیم نەتوانێ حوکمی چالاکان و بەتایبەت ماموستایانی زمانی کوردی وەها بە قورسی بەسەریان دا بسەپێنێ.
لە درێژەی لێدوانەکانی بۆ چاونیوز، سۆهراب ڕەحمەتی گوتی: ئێمە هەوڵمان داوە بە زووترین کات کەیسی زارا محەمەدی بگەهێنینە دەستی ئەنجوومەنی بەرزی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆترتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران(جاوید ڕەحمان) هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە وردی ئاگادار بکەینەوە و لە قۆناغی دواتریش دا هەوڵ دەدەین بە هاوکاری و پشتیوانی وەرگرتن لە کەسایەتی ئاکادێمیک، چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕووناکبیران، هەروەها رێکخراوەکانی داکۆکیکاری لە بواری مافەکانی مرۆڤ بیخەینە بەر دیدی هەموو ئەو کۆمیتە چاوەدێرییانەی کە لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان داندراون بە سەر کۆنوانسیۆن و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان، بە مەبەستی چاوەدێری دۆخی مافی مرۆڤ لە لایەن دەوڵەتانی ئەندامی ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانە.
جێگای ئاماژەیە بگوترێ کە، زارا محەمەدی ٢٩ ساڵە، ماموستای فێرکاری زمانی کوردی خەڵکی سنە، ڕۆژی پێنج شەمە ٢ی جۆزەردانی ١٣٩٨ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەرکرا و دوای شەش مانگ ڕاگرتن و لێپرسینەوە ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەز بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملوێن تمەنی ئازاد کرا و دواتر لە ٢٤ی پوشپەڕی ١٣٩٩ بە تۆمەتی “دامەزراندنی گرووپ بە دژی تەناهی وڵات” ١٠ ساڵ حوکمی بەسەرداسەپا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *