۲۷ی خەرمانانی ساڵی ۱۴۰۰ ھەتاوی
آموزش وردپرس

ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی “نۆژین” سەبارەت بە حوکمی سەپێندراو بەسەر” زارا محەممەدی”

چاونیوز: ئەنجومەنی نۆژین سەبارەت بە حوکمی ١٠ ساڵ زیندان بۆ زارا محەممەدی، بەرپرسی ئەو ئەنجومەنە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
نۆژین لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەڵێ:
کوردستانیانی خۆڕاگر، هاونیشتمانیانی هێژا، کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان، وەک ئاگادارن لە ڕێکەوتی ٢ی مانگی ٣ی ٢٧١٩ی کوردیدا هیرش کرایە سەر ماڵی یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین و سێ کەس لە ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بە شێوەازێکی نامرۆڤانە و دوور لە هەر چەشنە پرەنسیپێکی ئەخلاقی دەسبەسەرکران ئەم شەپۆلە گرتنەی ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو و چەندین کەس لە ئەندامانی ئەنجومەنی گرتەوە.
خاتوو “زارا محەممەدی” پاش شەش مانگ و نیوی ڕاگیرانی ناڕەوا لە گرتووخانە بە شێوازی کاتی و بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ میلیۆن تمەنی ئازادکرا و لە ڕێکەوتی ٢٧ی ١١ی ٢٧١٩ی کوردی‌دا، خاتوو زارا محەممەدی و ئەنجومەنی نۆژین بە تاوانی دروستکردنی دەستە و گرووپی دژ بە سیستم دادگایی کران ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٢٤ی ٤ی ٢٧٢٠ی کوردی ئاگادار کراینەوە کە حوکمی ١٠ ساڵ زیندان لەلایەن لقی یەکی داداگای ئینقلابی ئیسلامیی ئێرانەوە بە دادوەری دادوەر سەعیدی، بۆ خاتوو زارا بڕاوەتەوە و ئەنجومەنی نۆژین وەکوو بێ‌تاوان ناسراوە.
ئەنجومەنی نۆژین هەر لە سەرەتای ئەم شەپۆلە گرتن و پێشلێلکارییەوە ڕایگەیاندوە کە خاتوو زارا، ئەندام و بەرپرسی ئەنجومەنی نۆژین بەشێک لەو گوتارە بەرفراوانە نەتەوەیی و مافخوازانەی ئەنجومەنە و هیچ چەشنە جیاوازییەکی بیری و کردەویەیی نەبووە و نییە، پێدانی ئەم حوکمە بە خاتوو زارا و بێ‌تاوانکردنی ئەنجومەن، پیلانێکە بۆ تێکدانی یەکڕیزی و کۆدەنگیی ئەندامانی ئەنجومەنی نۆژین لە تەواوی کوردستان و هەر وەها بە هەنگاوێکی بۆ بێدەنگ کردن و چاو ترسێنکردنی چالاکانی کۆمەڵگە و سڕکردنی هەر چەشنە خۆڕاگری و بەرخۆدانیكی دەزانین، بۆیە وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو حوکمە ناڕەوایە ڕایدەگەیەنین کە هەموومان خۆمان بە پشتیوانی زارا دەزانین و تا هەڵوەشانەوەی ئەو حوکمە لە چالاکی ڕاناوەستین.

شایانی باسە کە ئەنجومەنی نۆژین ئەنجومەنێکی ڕێگەپێدراوە کە لەسەر وانە وتنەوەی کوردی بە خەڵکی کوردستان لە شار و گوندەکانی پارێزگای سنەدا چالاکە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *