چاونیوز: دوو کچی لاوی خەڵکی ناوچەی مهاباد و پارێزگای ئیلام بە هۆکاری کێشەی بنەماڵەیی و خوێندن کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان(چاونیوز)، ئەمڕۆ سێ شەممە ٣ی پووشپەڕی ١٣٩٩، فیلمی خۆکووژی کچێکی ١٣ ساڵانەی ئیلامی هەموو ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیبوو، هۆکاری خۆکووژی ئەو کچە مێڕمناڵە قبووڵ نەبوونی بۆ بەشی “زانستە ئەزموونکراوەکان”(علوم تجربی)، باس کراوە.
لەلایەکی تر و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شارۆچکەی نەڵاسی سەردەشت، ژنێک بە ناوی “شیوا ئیسماعیلی” کچی ئیبراهیم خەڵکی ئاوایی کیسەڵانی شاری ماهاباد لەبەر کێشەی خێزانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
بە پێێ ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سێ مانگەی یەکەمی ساڵی ١٣٩٩، لانیکەم ٦٩ کەس لە خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە ناویان ئاشکرا کراوە لەبەر هۆکاری جۆراوجۆری وەک بێکاری، بێ دەرەتانی، کێشەی خێزانی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.