چاونیوز: پزیشک و پەرستاری بەشێک لە نەخۆشخانەکانی مەریوان لە نێوان مەرگ و ژیاندا بەسەر دەبەن.
بە پێی هەواڵی چاونیوز بە گێڕانەوە لە کوردستان و کورد، بەشێک لە پزیشک و پەرستارەکانی شاری مەریوان تووشی نەخۆشی کۆرۆنا بوون و بەهۆی کەمی پزیشک و پەرستار پێویستە لە نەخۆشخانە بن و چارەسەری نەخۆشەکان بکەن.
لە دوو نەخۆشخانەی، “بوعەلی” و “فەجر”ی مەریوان پەرستارەکان لەگەڵ مەرگ دەست و پەنجە نەرم دەکەن و بەشێک لە فەرمانبەرانیش تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
جێی ئاماژەیە، ئەو پزیشک و پەرستارانە کە خۆیان تووشی ڤایرۆسەکە بوون پێویستییان بە چارەسەری دەرمانی هەیە و لە هەمان کاتدا مەترسی گواستنەوەی نەخۆشییەکەیان بۆ کەسانی تر هەیە.
شایانی باسە، بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی کۆرۆنا لە ئێران و شارەکانی کوردستاندا خەڵکی لەگەڵ مەترسییەکی زۆر بەرەوڕوو کردۆتەوە، بە تایبەت لە شارەکانی کوردستان لەم ڕۆژانەدا ڤایرۆسەکە بە شێوەیەکی خێرا پەرەی سەندوە و لە شارەکانی سنە و کرماشان دۆخی سوور ڕاگەیەندراوە و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیش کە هەوڵیان نەدا کۆنتڕۆڵی ڤایرۆسەکە بکەن، کەمتەرخەمییەکەیان لە شارەکانی کوردستاندا زیاتر بەدیار کەوت و کەمترین خزمەتگوزاری و پێداویستیی تەندروستییان بۆ نەخۆشخانەکانی کوردستان دابین کردوە و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت نەخۆشخانەکانی کوردستان بەدەست کەمیی پێداویستییە دەرمانییەکان و کەمیی پزیشک و پەرستار دەناڵێنن و ژمارەیەک لەو کادرە تەندروستییانەش هەر بەم هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.