چاونیوز: ٥ـی ژوئەن ٤٤ ساڵ بە سەر دیاریکردنی ڕۆژێک بە ناوی ژینگە لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ستۆکهۆڵمی سوید تێپەڕ دەبێ.
دیاریکردنی ئەو ڕۆژە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی هاندانی سیاسەتوانان و دەسەڵاتتداران بۆ پاراستنی ژینگە خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی مرۆڤی سەردەم و ئەوکات هەست بەو مەترسییە کراوە کە ئەگەر سیاسەتوانان و دەسەڵاتتداران لە بیری چاکسازی و پاراستنی ژینگە نەبن ڕەنگە لە داهاتوودا مەترسی جیددی بۆ سەر ژیانی بوونەوەران ساز بێت.
لەو کاتییەوە هەتا ئێستا ساڵانە کۆڕ و کۆڕبەندی لە ئاستی بەرپرسانی باڵای دەوڵەتەکان بۆ دەگیرێت و تاوتوێی بەرەنگاری پیس بوونی ژینگە دەکەن، بەڵام هەتا ئێستاشی دەگەڵ بێت بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکان ئەو ئیزنەیان نەداوە کە ڕێکارێکی گونجاو بۆ مەترسی و چۆنیەتی پاراستنی ژینگە بدۆزرێتەوە.
لە ئاستی وڵاتاندا و پێوەندی بە ئێرانەوە، ئەوەی دەدیترێ پاراستنی ژینگە هەوڵی جیددی نەک بۆ نادرێت بەڵکوو کۆمپانیا تایبەتەکانی سەر بە دەوڵەت بەبێ ڕەچاوکردنی یاسا ژینگەییەکان لە تێکدانی سرووشتدا دەستێکی بەرزیان هەیە و بە نێوی پڕۆژەی میللی گۆڕانکاری بەرچاویان لە ژینگەدا پێک هێناوە کە قەرەبووکردنەوەیان زۆر ئەستەمە و جیا لەوانەش بۆ سازمان و ئیدارەکانی تایبەت بە ژینگە ساڵانە بوودجەیەکی زۆر کەمیان بۆ تەرخان دەکرێت و لە بواری دابینکردنی هێزی مرۆییش بۆ ئەو بەشە کەمتەرخەمن.
ئەو کەمتەرخەمی و مەترسیانە وای کردووە کە خەڵک بۆخۆی بە دامەزراندنی ڕێکخراوە ژینگەییەکان لە هەوڵی پاراستنی ژینگەی خۆیان بن و خەمیان لەبەر بێ!
ئاورگرتنی ئەم دواییەی دارستانەکانی لوڕستان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی دامودەزگا پێوەندیدارەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە هەتا ئێستاشی دەگەڵ بێت ئامراز و کەرەسەی نوێ و سەردەمیانە لە ئێران نەهاتووەتە نێو چوارچێوەی کاریی ئەوان و لە زۆربەی شوێنەکان خەڵکی خۆبەخش و ڕێکخراوە ژینگەییەکان بە ساکارترین ئامراز هەوڵی کووژاندنەوەی ئاوری دارستانەکان دەدەن و لەو پێوەندییەشدا تێچووی زۆریان داوە و نموونەی هەرە دیاری، سووتانی کاک شەریف باجوەر و هاوڕێیانی لە کاتی کووژاندنەوەی ئاگری دارەستانەکانی مەریوان بوو.
ئەگەرچی دانانی تەنیا ڕۆژێکی ساڵ بۆ ژینگە، ڕۆڵێکی ڕووکەشیانە و سیمبولیکی هەیە بەڵام دیسانیش دەکرێ وەکوو دەرفەتێک بۆ وڵاتان، بەتایبەت زلهێزەکان بڕەخسێت کە چیدیکە بۆ بەرژەوەندی ئابووری و سیاسی خۆیان سرووشت تێک نەدەن و هەوڵی پاراستنی بۆ بدەن.
مەترسییەکان و پاراستنی ژینگە بێ سنوورە و لە هەر شوێنکی ئەم گەردوونە کارەساتێک ڕوو بدات، ڕاستەوخۆ مەترسی بۆ تەواوی جیهان دەبێ، بۆیە جیا لەوەیکە لە پێشەوە ئەوە ئەرکی دەوڵەتانە، بەڵام دەبێ خەڵکیش لە پارێزگاری ژینگەدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت.
پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانی ژینگە!
ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار
17ـی جۆزەردانی 2720ـی کـوردی