چاونیوز: ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پاوە و مەریوان بوو بەهۆی سووتانی بەشێکی زۆر لە ژینگەی ئەو شارانە و خەسارێکی زۆر بەر سروشتی ئەو ناوچانە کەوتووە.
ڕۆژی شەممە ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٩، دارستانەکانی گوندی “بەرقڕوو” و “لەنگەرێز” سەر بە شاری سەوڵاوا، تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.
لە حاڵێکدا کە ژینگە و سروشتی ئەو ناوچەیە خەریکە لە ئاگردا هەڵدەقرچێت، داواکانی خەڵکی ئەو ناوچانە لە پارێزگای سنە بۆ بەهاناوەچوونی ئاگرەکە بێ وڵام ماوەتەوە.
لە بەرانبەردا ژینگەدۆستان بەبێ هیچ کەرەستەیەک خەریکی کوژاندنەوە و کونترۆڵکردنی ئەو ئاگرەن کە هەتا ئێستاش بەردەوامە.
هاوکات ئاگر بەر دراوەتە لێڕەوار و دارستانەکانی گوندی “نەجاڕ” سەر بە شاری پاوە و ئاگرەکە لە پەرەسەندندایە.
بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “ژیوای” داوای یارمەتیی هەمەلایەنەی لە هەموو دامودەزگا ژینگەییەکان و هەموو خەڵکانی ژینگەدۆست کردووە.
ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بەهۆی بەربڵاوی و هەروەها هاتنی “با”، خەریکی پەرەسەندن بەرەو کوێستانەکانی “وڕا”یە.
دارستانەکان و ژینگەی کوردستان بەردەوام لەلایەن کەسانی دژە ژینگەوە ئاگری تێ بەر دەدرێت و زۆربەی کاتیش ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە شێوەی سیستماتیک و بە مەبەستی لەنێوبردنی ژینگە و سروشتی ئەو ناوچەیە لەلایەن دەستوپەیوەندییەکانی ڕێژیمەوە ئەنجام دەدرێت.