چاونیوز: یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی مانگی بانەمەڕ پیرانشار بە هۆی ئەشکەنجەی بەردەوام لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە تا ئیستا دوو جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
بە پێی هەواڵی چاونیوز و راپۆرتانەی بڵاو بووتنەوە، “محەمەد قادری”یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی مانگی بانەمەڕی پیرانشار کە لە دەستبەسەرگەی سوپای ئورومیە راگیراوە، لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا دوو جارهەوڵی خۆکوشتنی داوە.
بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەد قادری جارێک لە رێگای خواردنی شامپۆ و مادەی خاوێنکەرەوە هەوڵی دا خۆی بکوژێت کە سەرکەوتوو نەبوو و جاری دووهەم رەگی خۆی بڕیوە و ئێستا لە نەخۆشخانەی” خومەینی” لە شاری ئورومیە لە ژێر چاودێریی تایبەتدایە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها راگەیاند کە هەوڵی خۆکوشتنی ئەو بەندکراوە سیاسییە بە هۆی گوشار و ئەشکەنجەی بەردەوامی ئیتلاعاتی سوپا بۆ سەر ناوبراو بووە.
بنەماڵەی محەممەد قادری توانیویانە لە رۆژانی رابردوودا لەو نەخۆشخانەیە بۆ چەند ساتێک رۆڵەکەیان ببینن.
محەممەد قادری یەکێ لەو کەسانەیە کە لە ناوەڕاستی بانەمەڕی ئەمساڵ لە گەڵ گرووپێکی لاوانی پیرانشاری لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کراون.