چاونیوز: بەندکراوێکی سیاسی کورد کە لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئەردەبیل ڕاگیراوە، سەرەڕای تێپەڕینی دوو ساڵ لە ماوەی حوکمەکەی هێشا مافی مرەخەسی پێ نەدراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە چاونیوز بە گێڕانەوە لە هەنگاو، حەسەن جووجە گەڵونی، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار کە لە دوو ساڵ پێشەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل ڕاگیراوە، هێشا لە مافی مرەخەسی بێ بەشە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو بەندکراوە کوردە بەر لێبوردنی نەورۆزیش کەوتووە، بەڵام دەستێوەردانی ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێگر بووە لە ئازادی بە مەرجی ناوبراو.
حەسەن جووجە گەڵوانی، خەڵکی پیرانشار و ئەندامی سوپای پاسداران و فەرماندەی پایەگایەکی سوپا لە سەرسنوور بووە. ناوبراو رۆژی شەممە ٢٩ ی بانەمەڕی ٩٧ (١٩ مەی ٢٠١٨)، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیەوە دەستبەسەر کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەنگاوی راگەیاند کە، حەسەن جووجە گەڵوانی لە لایەن دادگای سەربازیی ئورمیە بە تۆمەتی” سیخوڕی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران” حوکمی ٥ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ئەردەبیلی بە سەردا سەپاوە.
جێگای ئاماژەیە کە ناوبراو بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتی سوپای ئورمیە بووە و لە کاتی دانیشتنی دادگا مافی وەرگرتنی پارێزەری نەبووە.
حەسەن جووجە گەڵوانی، رۆژی چوارشەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٩٧، گوازرایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل و تا ئێستا لە مافی مرەخەسی بێ بەش بووە.