چاونیوز: دوای تێپەڕینی چەند مانگ بەسەر بوومەلەرزەی ناوچەی قوتوور تا ئێستا خەڵکی ئەم ناوچەیە لە دۆخێکی خراپتدا ژیان بەڕێ دەکەن.
لە ڕۆژی ٤ی ڕەشەممەی ٩٨ی هەتاوی، بوومەلەرزەیەک بە بڕی ٦ ڕیشتێر ناوچەی قوتووری لەرزاند و لە ئاکامدا زەرەر و زیانێکی زۆری بەم ناوچەیە گەیاند.
لە کاتێکدا ٤ مانگ بەسەر بوومەلەرزەی ئەم ناوچەیەدا تێدەپەڕێ، بەڵام بەهۆی بێخەمی و خەمساردی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوای قەول و بەڵێنێکی زۆر بۆ نۆژەنەکردنەوەی ماڵەکانیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانیان، ئێستاش خەڵکی ئەم ناوچەیە لە دۆخێکی خراپتدا بەسەر دەبەن و هیچ یەکێک لە داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکراوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی بە کوردستان و کورد گەیشتوە، خەڵکی ئەم ناوچەیە پێویستییان بە دابینکردنی سەرەتاییترین پێویستییەکانی ژیانە و خۆشیان لەبەر هەژاری و نەداری توانای دابینکردنیان نییە.
وەک دەگوترێ لەبەر هەڵکەوتەی جوگرافیایی و شاخاوی بوونی ناوچەکە ئاو و هەوای ئەم شوێنە ساردە و بەردەوام بارانی لێدەبارێ و لافاوی لێ هەڵدەستێ، خەڵکیش بە ناچاری لە دۆخێکی خراپدا لە ژێر چادر و کانێکسەکاندا ژیان بەڕێ دەکەن.
هەر بە پێی زانیارییەکان خەڵکی ئەم ناوچەیە چەندین جار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و داواکارییەکانیان پێشکەش کردوە، بەڵام هیچ لایەنێکی حکوومەتی خۆی بە بەرپرسیار نەزانیوە و ئاوڕی لێیان نەداوەتەوە، تاوەکوو ئێستا لە هەر ئاواییەک زیاتر لە سەتا ٢٠ی خەڵک تەنانەت دەستیان بە چادریش ڕانەگەیشتوە و لە ژێر سەرمادا شەو و ڕۆژ دەکەنەوە.
شایانی باسە، هەر لە سەرەتای بوومەلەرزەکە چالاکان و کەسانی خەمخۆر لە شارەکانی کوردستان دەستیان دایە کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئەو ناوچەیە، بەڵام بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە لایەک و لە لایەکی تریش بەهۆی ڕێگری کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و دەست بەسەرداگرتنی کەلوپەلەکان هاوکارییەکان بەپێی پێویست نەگەیشتە دەستی خەڵکی هەژار و بێ دەرەتانی ئەم ناوچەیە و دەسەڵاتیش وەک هەمیشە لە پیڕاگەیشتن بەم ناوچەیە گوێی خۆی خەواندوە و هیچ هەنگاوێکی هەڵنەهێناوەتەوە.