ڕاپۆرتدەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، عاسیمە جەهانگیر، پاش ئەوەی لە مانگی سیپتامبری ڕابردوودا جێی ئەحمەد شەهیدی گرتەوە، لە یەکەم ڕاپۆرتی خۆیدا دەبارەی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا، باس لە بەردەوامیی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ؛ وەکو ئاماری باڵای لەسێدارەدان، سنووداریی ئازادیی ڕادەبڕین، هەڵاواردنی نەتەوەیی، ئایینی و ڕەگەزی، دژی نەتەوەکان، ئایینەکان و ژنان دەکات.
عاسیمە جەهانگیر لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە، بۆ بەدیهاتنی هەرچەشنە گۆڕانێکی بەرچاو لە دۆخی مافی مرۆڤدا لە ئێران، پێوستە گۆڕانی قووڵی قانوونی و پێکهاتەیی لەو وڵاتەدا بکرێت.
ڕاپۆرتدەرە نوێیەکەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، نەبوونی دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ، بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی خەڵک، نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین و هەڵاواردنی ڕەگەزی و ئایینی و نەتەوەییی دژی ژنان و پێڕەوانی ئایینگەلی جیاواز و نەتەوەکانی ئێران بە گرینگترین نیگەرانییەکان دەربارەی مافی مرۆڤ لە ئێراندا لەقەڵەم دەدات و دەڵێت، زیادبوونی ئاماری لەسێدارەدان لە ئێراندا گەیشتووەتە ”ڕادەیەکی پڕمەترسی و هۆشداریدەر”.
ڕاپۆرتدەرە تایبەتەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە یەکەم ڕاپۆرتی خۆی لە ئاستانەی ڕۆژی هەشتی مارس، ڕۆژی جەهانیی ژناندا بڵاو کردووەتەوە، سەبارەت بە خۆبواردنی ئێران لە پەسندکردن و پەژراندنی ”کۆنڤانسیۆنی نێودەوڵەتیی لادانی هەرچەشنە هەڵاواردنێک دژی ژنان” بەداخەوەبوونی خۆی دەربڕیوە و، داوای لە کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران کردووە، خۆیان لە پەسندکردنی ئەو قانوونانە ببوێرن، کە هەڵاواردنی ڕەگەزییان دژی ژنان تێدایە و، داوایشی لێ کردوون، قانوونگەلی هەڵاواردنی ڕەگەزی دژی ژنان و کچان هەڵوەشێننەوە، یان چاکسازییان تێدا بکەن.
ئەحمەد محەمەدی