ناسنامەی دوو خوێندکاری دەسبەسەرکراوی کرماشانی ئاشکرا بوو.
لە درێژەی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە بۆ ڕێزگرتن و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیانی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکڕایینییەکە لەلایەن سپای پاسدارانەوە لە زانکۆکانی ئێران بەڕێوە چوو،هەر زوو هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خۆپیشاندەران لە شارە جیاجیاکانی ئێراندا دەستی پیکرد و ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەسبەسەرکران .
بە پێی هەواڵی چالاکانی خوێندکاریی زانکۆی “ڕازی” کرماشان چوار خوێندکاری ئەو زانکۆیە ڕۆژی یەکشەممە ۲۲ی بەفرانباری ۹٨ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەرکراون کە ناوی دوو خوێندکار بە ناوەکانی” سەلاح غەریبی” خوێندکاری دامپزشکی و” نەبی تەڕدەست” خوێندکاری کارناسیی باڵای کۆمەڵناسیی ئەو زانکۆیە ئاشکرابووە، بەڵام لە شوێنی ڕاگیرانیان و چارەنووسیشیان هیچ هەواڵێک لە بەردەستدا نییە.