لە ئاکامی گەڕانی بەردەوامی خەڵکی گوندی نێ و گوندەکانی ناوچەی هەورامان تەرمی سەرمابردووی فەرهاد خوسرەوی لە ژێر ڕنووی بەفر و سەرمادا دۆزرایەوە.
ناوبراو کە لەگەڵ برا 17 ساڵانەکەی بەناوی ئازاد خوسرەوی و کوڵبەرێکی تر بەناوی حسێن کەرەمی 35 ساڵە ڕۆژی سێشەممە کاتێ بەمەبەستی کۆڵبەری ڕوویان لە ملەی “تەتە” کردبوو، تووشی ڕنووی بەفر هاتن کە له ئاکامدا ئازاد گیانی لە دەستدا و فەرهاد بێ سەروشوێن بوو و حسێنیش کە بەتوندی بریندار ببوو بە نیوەگیانی له لایەن خەڵکەوە گیانی ڕزگار کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیووز ڕۆژی هەینی 30 سەرماوەز ڕێوڕەسمی ناشتنی تەرمی کۆڵبەری تازەلاوی 14 ساڵان له شارەدێی نێ بوو بە دژکردەوەیەکی بەرهەڵستکارانە و دەنگ هەڵبڕین لە دژی سیاسەتە دوژمنکارانەکانی سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی ئێران له کوردستان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی کۆڵبەر نیووز خەڵک بە درووشمی “سپای تیرۆریستی سێدارە تاوانبارە لەو کارە و مەرگ بۆ دیکتاتۆر و شەهید نامرێ و… “تەرمی ئەو کۆڵبەرەیان بە خاک ئەسپارد.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوو سەدان کۆڵبەری کورد بە هۆی گیرۆده بوون لە چنگی بەفر و سەرما لە کوێستان و شاخە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات گیان بەخت دەکەن یان له لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەسڕێژیان لێ دەکرێت بەو هۆیەوە شەهید یا بریندار دەبن.