فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سنە، باسی لە ناسین و دەسبەسەرکردنی ٨ هاووڵاتی لەژێر ناوی “ڕێبەریی ئاژاوەگێڕی” لە کاتی ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی ئەم دواییانە لە مەریوان کرد.
عەلی ئازادی وتی: “تۆمەتبارەکان دراونەتە دەست دەزگای قەزای”
بەکار هێنانی ئەم دەستەواژەیە لەمەڕ خەڵکی ناڕازیی دەسبەسەرکراو، لە کاتێکدایە پێشتر ڕۆژنامەی کەیهان کە لەژێر چاودێریی ڕاستەوخۆی عەلی خامنەییدا بڵاو دەبێتەوە، بەپێداگری لەسەر ئەوەی کە “سەرچاوە یاساییەکان حوکمی ئێعدامیان بۆ ڕێبەرەکانی ئەم ئاژاوەگێڕییانە بەبێ ئەملاولا دیاری کردوە”، نووسی: “کردەوەی ئاژاوەگێڕانە بەواتای “بغی”ـیە و سزای یاسایی و شەرعی ئەو کەسانە ئێعدامە.”
لە ڕۆژی هەینی، ٢٤ی خەزەڵوەرەوە خەڵکی ناڕازی لە دژکردەوە نیشان دانی خۆیان سەبارەت بە گرانبوونی بێنزین، لە شارە جۆراوجۆرەکان هاتنە سەر شەقام. قاسم میرزایی نیکوو، نوێنەری شاری دەماوەند لە مەجلیس وتی: “ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینانە لە زیاتر لە ٥٠٠ شوێنی وڵات ڕوویان داوە و پتر لە ١٣٠ کەسیش کوژراون.” بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە جۆربەجۆرەکان لەسەریەک قسە لە کوژرانی نزیکەی ٤٣٠ کەس لە خەڵکی ئێران دەکرێ. لەلایەکی تریشەوە محەممەد جەواد کۆلیوەند، نوێنەری شاری کەرەج لە مەجلیس ڕایگەیاند: “ناڕازەیەتی لە ٧١٩ شوێنی ئێراندا ڕووی داوە.
سەید حوسێن نەقەوی، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی مللی و سیاسەتی دەرەوەی مەجلیسیش، ڕۆژی دووشەممە ٤ی خەزەڵوەر، باسی لە دەسبەسەرکرانی نزیک بە ٧ هەزار کەس لە پێوەندی لەگەڵ ئەم ناڕەزایەتییانە کرد.