وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران، زەوتکردنی ئازادییەکانی خەڵک و پەرەسەندنی سزای ئێعدام لەو وڵاتە ڕەخنەی توندی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران گرتوە.
ڕێکس تیلێرسون، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا پەرەپێدان بە مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی دێموکڕاتیکی بە بنەما و بنچینەی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ناوبردوە.
لەو ڕاپۆرتەدا ڕەخنەی توند لە ئەشکەنجەکردنی بەندکراوان لە ئێران گیراوە و باس لەوە کراوە کە سنووردارکردنی یەکجار زۆری ئازادییە مەدەنییەکان، وەک ئازادیی پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوە، ئازادیی ڕادەربڕین، ئازادیی دروستکردنی ڕێکخراوە و دامەزراوە مەدنییەکان، ئازادیی ئایین و ڕاگەیاندن لە دەرکەوتە سەرەکییەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران بەهۆی کۆماری ئیسلامین.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها نیگەرانیی خۆی لە بەردەوامیی ڕەوتی ناعادڵانەی پێڕاگەیشتن بە پەروەندەی بەندکراوان و سەپاندنی سزای ئێعدام بۆ کۆمەڵە تاوانێک کە شیاوی ئەو سزایە نین دەربڕیوە و دەڵێ بڕێنەوەی سزای ئێعدام بۆ مێرمنداڵان لە ئێران هەروا درێژەی هەیە.
لەو ڕاپۆرتەدا ڕەخنەی توند لە بارودۆخی گرتووخانەکان لە ئێران گیراوە، بە تایبەت لە دۆخی گرتنی سەرەڕۆیانەی بەندییە عەقیدەتییەکان و هەلومەرجی دژوار و مەترسیداری گرتنگەکان، بۆ نموونە نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی و پێڕانەگەیشتن بە سڵامەتیی بەندییەکان.
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لە کاردانەوە بەو ڕاپۆرتە ڕایگەیاندوە کە ئەمریکا بۆخۆی کارنامەیەکی ڕەشی لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤدا هەیە.
شایانی باسە نەک هەر ئەمریکا، بەڵکوو زۆر کۆڕ و کۆمەڵی نێونەتەوەیی دیکە وەک شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، شوڕای مافی مرۆڤی یەکیەتیی ئورووپا، ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێسنوور و رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییش لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا کۆماری بە بەردەوامی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ مەحکوم کردوە.