ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوا دەکا نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل کردنی بەربڵاوی مافی مرۆڤ لە ئێراندا مەحکووم بکا. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی لە دانیشتنی داهاتووی شۆڕای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە بڕیارە ڕۆژی ٩ی نوامبر بەڕێوە بچێ، ڕاشکاوانە دۆخی قەیراناوی مافی مرۆڤ لە ئێران مەحکووم بکات.
ئەم ڕێکخراوەی پشتیوان لە مافەکانی مرۆڤ هەروەها جگە لە ڕێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە دەوڵەتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کردوە، وێڕای بەشداری کردن لە دانیشتنی تاوتوێ کردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئەوانیش پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێڕاندا کە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتەوە بەڕێوە دەچن، مەحکووم بکەن.
“فیلیپ لۆتێر”، بەرپرسی ژووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقای باکووری ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی وتی؛ بە شێوازێکی تایبەت “ڕیژەی تۆقێنەری لە سێدارەدانەکان”،” ئازار و سزای داکۆکی کارانی مافی مرۆڤ”، “هەڵاواردنێکی زۆر بەرامبەر بە ژنان و کەمایەتی و کەمینەکان” و”تاوانەکان بە دژی مرۆڤایەتی” نیشان دەری “تیاچوونی تووندی” باروودۆخی مافی مرۆڤن لە ئێران.