ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرانی بێسنوور لە نامەیەکدا بۆ ” میشل باشلە” کۆمیسێری بەرزی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان خوازیاری هەنگاوی بەپەلەیە لە بارەی دۆخی زیندانیانی عەقیدەتی و ڕۆژنامەنووسانی ئێران.
لەو نامەیەدا هاتووە کە ئێران یەکێک لە وڵاتە هەرە سەرکوتکەرەکانی وڵاتانی جیهانە لە بواری ئازادیی ڕۆژنامەنووسیدا.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕیزبەندی جیهانیی “ئازادیی زانیاریی”دا لە نێو ١٨٠ وڵاتی دنیا لە پلەی ١٦٤ دا جێی گرتوە.
هەر لەو پێوەندییەدا پێشتریش ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرانی بێسنوور بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوییدا لە ژێر سەردێڕی”شەپۆلێکی تر لە زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان لە ئێڕان” سەرکوتی ڕۆژنامە نووسانی مەحکووم کردوە.
لە مانگی ڕابردوودا دەیان ڕۆژنامەنووس لێپێچینەوەیان لە گەڵ کراوە و هەر لەو ماوەیەدا چەندین کەس بە تۆمەتی چالاکیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەسبەسەر کراون.
لەو ڕاپۆرتەدا وێڕای ئاماژەدان بە ژمارە و شێوەی دەسبەسەرکراوان، داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکا کە بە پەلە ئازادیان بکا و واز لە سەرکوتی ڕۆژنامە نووسان بێنێ.
ئەو ڕێکخراوە لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا نووسیویەتی کە کۆماری ئیسلامی ترس و وەحشەتی لە ئازادی مێدیاکان هەیە و هەواڵنێران بە خراپکار لە قەڵەم دەدا .
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە هەواڵنێران بە توندی سەرکوت دەکرێن، لە ژێر چاوەدێری دان و، دەسبەسەر دەکرێن بەڵام ئەوە ئەوانن کە پێش لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی دەگرن و خوازیاری گۆڕانی سیاسین لە وڵاتەکەیاندا.
ئێران هەتا ئێستاش یەکێک لە گەورەترین بەندیخانەی ڕۆژنامەنووسانە لە جیهاندا و، لەو بارەوە ڕێکخراوی هەوڵنێرانی بێ سنوور، ئێرانی بە یەکێک لە هەر دەوڵەتە سەرکوتکەرەکانی جیهان ناو بردوە.