ماوەیەکە بڕینی دار و لە ناو بردنی بێشەڵانی زاگرۆس بۆتە هۆی نیگەرانیی ژینگەپارێزانی کوردستان.
خەمساردی بەرپرسان و خۆلێبێساحیب کردنی ناوەندە پێوەندیدارەکان ئەو گومانەی زیاد کردوە، کە بە شێوەی بەرنامەداڕێژراو دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم هەوڵی لە ناو بردنی ژینگەی زاگرۆس و تاڵان کردنی سروەت وسامانی کوردستان دەدەن.
لە چەند حەوتووی ڕابردوودا کۆمەڵێک وێنەو گرتە ڤیدیۆ لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بڵاو کراوەتەوە کە باس لە کاولکاریی دارستان و لەوبردنی ژینگەی کوردستان دەکا.
بەپێی ڕاپۆڕتی چالاکان و ئەنجوومەنە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان دیاردەی مافیای دارستان لە کوردستان مەترسیدارەو هەربۆیە لە سەرجەم خەڵکی کوردستان داوایان کردووە کە ڕووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببنەوە.
رێکخراوی “ڤەژین” لە ڕاگەیاندرواێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان بە مەبەستی بازرگانیپێوەکردن، دەڵێ: ماوەیەکە باندێکی مافیای دار بە تەماحی بازرگانی کەوتوونە گیانی دارستانەکانی مەریوان و بێئەوەی هیچ ئۆڕگانێکی پێوەندیداری دەوڵەتی لێپرسینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکات، خەریکی بڕینەوەی داری ئەم دارستانەن. “ڤەژین” بە نیگەرانییەوە باس لە ئاکامی بەردەوامبوونی مافیای دار لە سەر بڕینەوەی داری دارستانەکانی مەریوان دەکات
هەروەها ئەنجوومەنی “رۆجیار” لە ڕاگەیاندراوێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لە بڕینەوەی داری داستانەکان بە مەبەستی بازرگانیی مافیاکانی دار لە کوردستان، دوای کردوە کە رێکخراوەکان و خەڵک بە گشتی کەمپەینی نارەزایەتی دەرببڕن و لە بەرانبەر کەسانی هەلپەرەست و نەفسنزم کە بەم کارانەیان ڕاستەوخۆ خزمەت بە دوژمنانی وڵاتەکەی خۆیان دەکەن و کارەکەیان زیان و زەرەرێکی قورس بە سروشت و ژینگەی کوردستان دەگەیەنن، بوەستنەوە.
بەپێی قسەی قادر ڕەحمانزادە کارناسی ژینگەپارێزی، زیادبوونی دیاردەی بازرگانی کردن بە ژینگەی کوردستان قەیرانێکی ژینگەیی لە ئێستا و لە داهاتوودا دەخوڵقێنێ.
ناوبرا بە ئاماژەدان بە قەیرانی بڕین و لەناو بردنی دارستان و بێشەڵانەکانی کوردستان باس لە دەستوپێوەندییەکانی ڕێژیم دەکا کە بە هاوکاری کەسانی نەفسنزم و بەرژوەندیخواز خەریکی زیان وخەسار گەیاندن بە ژینگەی کوردستانن.