سێ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنوورەکانی کوردستان کوژران و بریندار بوون.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “غالب کویەک” خەڵکی گوندی “دزەوەن” سەر بە شاری مەریوان لە سنووری ئەو شارە بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەست دا. ئەم کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە کۆڵبەران دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و لە ئەنجامی تەقەی هێزە حکوومەتییەکان ئەم کۆڵبەرە کوردە گیانی لە دەست دا.
وەک باس دەکرێ ئەم کۆڵبەرە کوردە کە خێزاندار و باوکی منداڵێکی کەم تەمەنە، چەند گوللەیەک لە لای پشتەوە بەری کەوتووە و ئەمەش بووتە هۆی گیانی لە دەستدانی ناوبراو.
لە هەواڵێکی دیکەدا ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شاری ورمێ بە بێئاگادار کردنەوەی پێشوو دەکەونە بەردەسڕێژی تەقەی هێزە نیزامییەکان و لەو ڕووداوەشدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “ماهیر شینی” خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕ، بە سەختی بریندار بووە. لە ناوچەی “شپیران”ی سەڵماسیش پۆلێک کۆڵبەر کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان و لە ئاکامی ئەو دەسڕێژیەدا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “محەممەد وەلیپوور” کوڕی حەسەن بریندار بووە.