لە سەرەتای ئەمساڵەوە 628 کەس لە کوردستان گیراون و 165 کۆڵبەر و کاسبکاری کوردیش بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون.
لە دوو مانگی زستانی ئەمساڵدا ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان 178 کەسیان دەسبەسەر کردوە. لەو ماوە زەمەنییەدا 20 کەس لەوان دادگایی کراون کە سەرجەم 721 مانگ زیندانیی تەعزیرییان بەسەردا سەپاوە. هەر لەو دوو مانگەدا دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە تۆمەتی ئەندامەتیی حیزبە کوردییەکان سزی ئێعدامیان بەسەردا سەپاوە و 6 بەندکراوی کوردیش کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباردا گیراوبوون، لە زیندان و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندراوە.
لە ماوەی دوو مانگی زستانی ئەمساڵدا 27 کۆڵبەر و کاسبکاری کوردی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوونەتە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی کە 10 کەس لەوان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم کوژراون و 17 کەسیشیان بریندار بوون.
بەپێی ئاماری ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ڕێبەندان لانیکەم 628 کەس لە کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی دەسبەسەر کراون و ژمارەی کۆڵبەرە کوژراو و بریندارەکانیش لەو ماوە زەمەنییەدا 165 کە بووە.