نووسەر: هاوار مەریوانی
“کۆڵبەری” لە سنوورەکانی کوردستان، بەهۆی نەبوونی هەلی کاری بەردەوام، بووە بە یەکێک لە بژاردەکانی داهات بۆ خەڵک. کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک، بە ڕێگریکردن لە وەبەرهەمهێنان لە کوردستان، هەوڵ دەدات ئەم دۆخە بەردەوام بێت.
لەلایەکی دیکەوە “کۆڵبەری” کە جۆرێک ئابووریی نافەرمیی گرێدراو بە سنوورە، ڕێگری لە بیچمگرتنی پیشە یان جووتیاریی مۆدێڕن دەکات. ئەمە خەڵکی کوردستان لە سووڕێک لە هەژاری، ناسەقامگیری و گرێدراوی بە سنوورەکان دەهێڵێتەوە و دەبێتە هۆی نەهادینەبوونی گەشەنەسەندوویی.
کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕێگریکردن لە خۆدابینکاری و خۆبەڕێوەبەری لە کوردستان، لە کۆڵبەری کەڵک وەردەگرێت. یانی، گەشەی کوردستان دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی داواکارییەکانی وەک خۆبەڕێوەبەری یان تەنانەت سەربەخۆییخوازی. کەوایە، حکوومەت بە سنووردارکردنی ژێرخانەکان و دروستکردنی گوشاری ئابووریی بەردەوام، ڕێگری لە دەرکەوتنی چینێکی سەربەخۆ و ئاگا لە کوردستان دەکات.
بۆیە کۆڵبەری نەتەنیا هەوڵێکە بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی کورد، بەڵکوو وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ ڕێگریکردن لە گەشەی وشیاریی چینایەتی و نەتەوەیی، کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
ئامانجێکی دیکەی حکوومەت لە داهێنانی کۆڵبەری لە کوردستان، میلیتاریزەکردنی سنوورەکان و سەرکوت بووە. زۆرێک لە کۆڵبەرەکان لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار دەکرێن یان دەکوژرێن. ئەم توندوتیژییە ئاشکرایە دەبێتە هۆی دروستکردنی کەشی ترس و کۆنترۆڵ و نافەرمانیی کۆمەڵایەتی یان سیاسی کۆنترۆڵ دەکات.
بەگشتی لە میدیا و ناوەندە حکوومەتییەکان، لە کۆڵبەری وەک “قاچاخ” یان “مەترسیی ئەمنی” ناو دەهێنرێت، لە حاڵێکدا هۆکاری سەرەکیی کۆڵبەری، سیاسەتە ئابوورییەکانی خودی دەسەڵاتە. ئەم هەڵوێستە دەبێتە هۆی سووکایەتیی فەرهەنگی و ناسنامەیی کوردەکان و دۆخی داگیرکراوییان بەرهەم دەهێنێتەوە.