ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، محەممەد محەممەدی (شێخاڵی) خەڵکی شیناوێ سەر بە پیرانشار و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی سەرانسەریی ژن ژیان ئازادی، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی دوو ساڵ بەندکرانەکەی، دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی نەغەدە کرا.
ئەم هاونیشتمانییە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەبێ حوکمی دادوەر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانه ئەم ناوەندە لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.
محەممەد شێخاڵی ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ، دوای نزیکەی چوار مانگ، بە دانانی بارمتەی ٢ ملیارد تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردنی، لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوو.
ناوبراو لەلایەن دادگای شۆڕشی پیرانشارەوە بە تۆمەتی “تەبلیغ دژی نیزام”، بە دوو ساڵ بەندکرانی تەعزیری حوکم درابوو.